هۆشداری بومەلەرزەیەکی گەورە لە ئەستەنبوڵ دەدرێت

پرۆفیسۆرێکی جیۆلۆجی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵی داهاتوودا، بومەلەرزەیەکی گەورە لە پارێزگای ئەستەنبوڵی تورکیا روودەدات.
بومەلەرزەکانی شەشی شوبات لە باکوری کوردستان، لە تورکیا رێگەی بۆ گفتوگۆیەکی زۆر لەبارەی مەترسی بومەلەرزە لە تورکیا کردووەتەوە.
پرۆفیسۆر دۆغان کالافات بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆلینەوەی بومەلەرزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەری زۆر لە هێڵی ئەنادۆلۆی باکوریش بومەلەرزەیەکی گەورە رووبدات، بەڵام سەرچاوەکەی دەریای مەڕمەڕە دەبێت. هێڵی بومەلەرزە لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا تێدەپەڕێت و مەترسیەکەش زۆرە.
کالافات دەڵێت، ” شوێنی بومەلەرزەکە دیارە، بەڵام کاتەکەی بە تەواوی ناتوانرێت دیاری بکرێت. تەنیا دەتوانین بڵێین، تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ کە حەوت ساڵی دیکە دەکات، نزیکەی ٦٥٪ ئەگەری زۆرە بومەلەرزەیەکی زیاتر لە گوڕێ ٧ پلەی ریختەر لە دەوروبەری ئەستەنبوڵ رووبدات.
دوایین بومەلەرزەی بەهێز لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەستەنبوڵ روویدا کە بەو هۆیەوە نزیکەی ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
هەر ئەمڕۆ دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات، ١٧ هەزار و ١٤٥ پاشەلەرزە لە باکوری کوردستان روویانداوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش سێ بومەلەرزەی دیکە پارێزگاکانی، ئامەد، مەرەش و چەولکی باکوری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی، ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکان گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٣١٠ کەس.

Back to top button