هۆشداری دەدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی بەنیازی ڤیزا وەرگرتنن

بەهۆی فێڵكردن لە هاوڵاتیان، قائیمقامیەتی سلێمانی نوسینگەیەكی گەشتوگوزاری داخست كە پارەیەكی زۆریان بەناوی ڤیزاوە وەرگرتوە.
رێكان جەمال سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندوە: لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان بەهۆی فێڵكردن و وەرگرتنی پارەیەكی زۆر بەناوی وەرگرتنی ڤیزای وڵاتان، لیژنەكە نوسینگەیەكی  لەگەڕەكی بەختیاری بۆ گەشتوگوزار داخست.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتان لەڕێگەی وێب سایت و ئۆنلاینەوە سەرجەم رێكارە یاساییەكانی وەرگرتنی ڤیزاو كڕینی تكتی فڕۆكەو كارەكانی دیكەی گەشتوگوزار رایی دەكەن، بەڵام لە هەرێم و بەهۆی فێڵكردنی چەند شوێنێكی دور لەڕاستی ناچارین داوا لەهاوڵاتیان بكەین تادڵنیا نەبنەوە ئۆنلاین بۆ بەڕێكردنی مامەڵەكانی گەشت بەكارمەهێنن.
رێكان جەمال باسی لەوەشكردوە، نوسینگەی ریچپلان تەنها ناوێك بوە لە پەڕەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ریكلامی بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتان كردوە، بەڵام خاوەنی هیچ مۆڵەتێكی یاسایی نەبوەو بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزا بەبێ چاوپێكەوتن پاسپۆرتی لە هاوڵاتیان وەرگرتوە لەكاتێكدا هیچ جۆرە ڤیزایەك بەو شێوە نادرێت كەئەمەش تەنها ریكلام و  فێڵكردنە لە هاوڵاتیان.
سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی نوسینگەی رچپلان تراڤڵ دادەخرێت، هەروەها بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی خاوەنی نوسینگەكە دەستگیركراوەو پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.

Back to top button