هۆشداری لە جۆره‌ ده‌رمانێكى مه‌ترسیدار دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیى کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاوىكرده‌وه‌: “هاووڵاتییانمان ئاگاداردەکەینەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانێک کە 18 منداڵ لە وڵاتی ئۆزبەکستان به‌هۆیه‌وو گیانیان لە دەست داوە دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە،ناوی دەرمانەکە (Dok-1Max syrup)کە لە وڵاتی هیندستان بەرهەم هاتووە لەلایەن کارگەیەک بەناوی Marion Biotech.”

ئەوەش خراوەتە روو: “ئێمە دوای بە دواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان، بۆ هاووڵاتیانمان ڕوونی دەکەینەوە، کە بە هیچ جۆرێک لەکوردستان بوونی نیە و بەهیچ جۆرێک هاوردەی کوردستان نەکراوە و هیچ بەرهەمێکی ئەو کارگەیە لە هەرێمی کوردستان نییە و ڕێگەپێدراو نییە و کارگەکەش تۆمار نەکراوە.”

کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: “هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەم 18منداڵە، بۆ ماددەیەکی ژەهراوی ده‌گه‌رێته‌وه‌، بەناوی Ethylene glycol لە ناو دەرمانەکە کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی لەش بە تەواوی.”

جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌: “بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتییانى کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستییانە دایە سەبارەت بەم بابەتە لەناو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان بە مەبەستی بنبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاغ”.

Back to top button