هۆشەنگ ئۆسی: پەکەکە لە داعش مەترسیدارترە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان

”ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠٠٨ گوتی پازدە هەزار كەس بوونەتە قوربانیی پاكتاوكردنی ناوخۆی پەكەكە“

((خۆر)) –

نووسەرێكی ناسراوی ڕۆژئاوای كوردستان رای دەگەیەنێت كە پەكەكە لە داعش مەترسیدارترە بۆ هەرێمی كوردستان.

هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەری ناسراوی رۆژئاوای كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (كۆریدۆری سەربازیی پەكەكە) بڵاو كردەوە و تێیدا باسی لە ڕووداوەكانی سلێمانی كرد و بە پیلانگێڕیی هاوبەشی پەكەكە و ئێرانی لە قەڵەم دا.

ئەو نووسەرە دەڵێت: ”نەخشە لەبەردەمتان دابنێن، هێڵێك بكێشن لە قامیشلۆوە بۆ ئەلهۆل، دواتر مەخموور، كەركووك، سلێمانی، ڕانیە تا دەگاتە زنجیرەی قەندیل، لە چیاكانی قەندیلیشەوە بۆ زاخۆ بە ناوچەكانی زاپ و گارە و چیای سپی، دواتر سەیری دەرئەنجامەكە بكەن“.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”ئێستا لە هەر چركەیەكدا، ڕێی تێدەچێت ئێران لە ڕێی بەغدا و هاوپەیمانیی حەشدی ئاپۆچی و حەشدی شەعبی، لەگەڵ تەسككردنەوەی گەمارۆی ئابووری، ئێران دەتوانێت كوردستانی عێراق والێبكات شوێنەواریشی نەمێنێت“.

هۆشەنگ ئۆسێ نایشارێتەوە كە ”بەڵێ مەترسیی پەكەكە لە داعش زیاترە لەبەر هەندێك هۆكار“. باسیشی لەوە كردووە كە ”هەندێك كەس بێزار دەبن لە بەراوردكردنی پەكەكە لەگەڵ بەرەی نوسرە بۆ نموونە، هەندێك حزبێكی كوردی لە ڕێكخستنێكی تەكفیریی تیرۆریستی دەزانن، شەرم لە دووبارەكردنەوەی ئەو قسەیان ناكەنەوە كە دەڵێن دەسەڵاتی پەكەكە باشترە لە ڕژێمی ئەسەد و ڕژێمی بەرەی نوسرە و ڕژێمی سووریای داگیركەر و بەكرێگیراوەكانی، وادیارە ئەو كەسانە چاویان نایبینێت كە ئەوان تەنانەت لە دەستەواژەش بەهەڵەداچوون، كاتێك دەڵێت بوونی پەكەكە لە بوونی ڕژێمی ئەسەد باشترە، مانای وایە دان بەوەدا دەنێن كە ڕژێمی ئەسەد و بەرەی نوسرە بە باش دەزانن بەڵام پەكەكەیان پێ باشترە، لە كاتێكدا بە بۆچوونی من، خراپ و خراپترن، واتە دان بە خراپیی دەسەڵاتی پەكەكەدا بنێین بەڵام دەسەڵاتەكانی دیكە خراپترن“.

ئۆسێ پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئایا كەس دەتوانێت ژمارەی قوربانیانی كورد بە چەكی پەكەكە بژمێرێت و بەراوردی بكات بە ژمارەی قوربانیانی كورد بە ڕژێمەكانی دیكە؟ دەشڵێت: “ئەگەر ئۆجەلان بە زمانی خۆی لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٠٨ دانی بەوەدا نابێت كە ژمارەی قوربانییانی پاكتاوكردنی ناوخۆی پەكەكە گەیشتۆتە پازدە هەزار، ئەگەریش ژمارەی پاكتاوكردنی ناوخۆییمان لە ٢٠٠٨ەوە تا ٢٠٢٠ خستە سەر، ژمارەكە دەبێتە سەر؟”.

Back to top button