هۆکاریی راستەقینە چیە لە پشت دانانی ئاوێنە لە بەرزکەرەوەکاندا؟

هەندێک کەس ئاوێنەی ناو بەرزکەرەوەکان بەکاردەهێنن بۆ سێڵفی گرتن یان رێکخستنی جلەکانیان، بەڵام هۆکارێکی زانستی هەیە بۆ دانانی ئاوێنە لەناو بەرزکەرەوەکاندا.

گۆڤاری “فۆکوس”ی ئیتاڵی ڕوونیکردووەتەوە، مانەوە لەناو سندوقێکی داخراودا کە هەڵواسراوە، جۆرێک لە دڵەڕاوکێ بۆ زۆر کەس دروست دەکات، هەر بۆیەش بەرهەمهێنەرانی بەرزکەرەوەکان هەوڵیان داوە شتێك بکەن کەمترین ناڕەحەتی سەرنشینەکان کەم بکەنەوە.

دروستکەرانی بەرزکەرەوەکان هەوڵیاندا ئەو کاتە کەمبکەنەوە کە سەرنشینێک لە ناوەوە بەسەری دەبات، بەڵام زیادکردنی خێرایی بەرزکەرەوەکان لەوانەیە کێشەی میکانیکی لێبکەوێتەوە، بۆیە چارەسەرەکە ئەوە بوو کە ئاوێنەیەک لەناوەوە دابنێن کە خەڵک سەرقاڵ دەکات و وایان لێبکات هەست بەو کاتە نەکەن کە لەناو کابینەی بەرزکەرەوەدا بەسەری دەبەن.

هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ دانانی ئاوێنە ئەوەیە کە وادەکات کابینەی بەرزکەرەوەکە فراوانتر دەربکەوێت لەوەی کە هەیە، ئەمەش یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە ترسیان لە شوێنی داخراو هەیە نەترسن و تووشی پانیك ئەتاك نەبن.

هەروەها هۆکارێکی ئەمنیشی لە پشتەوەیە، کە ئەویش وادەکات سەرنشینەکە بتوانێت ببینێت ئەو کەسەی تەنیشتی چی دەکات و رێگە نەدات دزی لێبکات یان دەستدرێژی بکاتە سەری یان هەر رەفتارێکی نەشیاو بکات.

هەروەها یارمەتی بەکارهێنەرانی کورسی جوڵاو دەدەن کە بچنە دواوە و بسوڕێنەوە بەبێ ئەوەی خۆی بە سەرنشینەکاندا بکێشێت.

Back to top button