هێز و لایەنە سیاسیەکان پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت دەکەن سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت دەکەن سەبارەت بە پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان.
دوای بڕیارەکەی ڕێزدار ( مەسرور بارزانی ) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی دەروازە سنوریەکان دەبێت بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کاری قاچاخی لەو شوێنانە ، لەمبارەوە سەباح قارەمان، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان،راگەیاند ” ئەو بڕیارەی بۆ خاڵە سنوورییەكان دەركراوە و هێزی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی بۆ پێكهێندراوە، ئەگەر ویستێكی سیاسیشی لەپشتەوە بێت، دەتوانرێت قاچاخچیەتی بنەبڕ بكرێت ”.
هەروەها ئابووری ناسان پێیان وایە ئەم هەنگاوەی حکوومەت دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەوا داهاتی ناوخۆ زیاد ببێت کەئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ نەهێشتنی قەیرانی دارایی و ئابوری کە بەهۆی سزاکانی حکوومەتی عێڕاق و دۆخی دارایی جیهان و نزم بونەوەی نرخی نەوت هەرێمی کوردستانی گرتویەتیەوە ، سەردار عەلی ماموستای زانکۆ بە (( خۆر ))ی ڕاگەیاند ” حکوومەت دەیەوێت قەیرانی دارایی و ئابوری کۆنتڕۆڵ بکات و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر ببات ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیدا بۆ ڕیکەوتن لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بچێتە پێشەوە ، کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازە سنوریەکان و نەهێشتنی کاری قاچاخی دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا داهاتی ناوەخۆ زیاد ببێت ، هەروەها بڕینی مووچە نایاساییەکان وادەکات حکوومەت بتوانێت دۆخی نەبونی مووچە چارەسەر بکات و فەرمانبەران لەکاتی خۆیاندا مووچە وەربگرن “.

Back to top button