هەرزانبوونی نرخی دۆلار جووڵە دەخاتە بازاڕەوە

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلار جارێکی دیکە جووڵەیەکی باش دەکەوێتە بازاڕ و هاوردەکردنی کەلوپەلیش زیاد دەبێت و کەلوپەلەکانیش بە شێوەیەکی گشتی هەرزان دەبن، چونکە ئەو بازرگانانەی کاڵاکانیان هاوردە کردووە بە دۆلار بووە و بەقەرز هێناویانە و ئێستا کاڵاکانیان بە هەرزان دەفرۆشنەوە و زەرەر ناکەن.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ”دابەزینی نرخی دۆلار کاریگەریی زۆر لەسەر بازاڕ و دۆخی بازرگانی دروست دەکات، چونکە بازرگانان ئەو کاڵایانەی هێناویانە بە دۆلار کڕیویانە و بەشێکیشی بەقەرز کڕیویانە و ئەو ماوەیە قەرزەکەیان نەداوەتەوە، بۆیە ئێستا قەرزەکە دەدەنەوە و تووشی زیان نابن، ئەوکات ناتوانن کاڵا گران بکەن و لە هەر شوێنێکیش گرانی بکەن ئێمە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین، بۆیە ئێمەش چاودێرییەکی چڕی بازاڕ دەکەین و خەڵکیش ئەم ماوەیە شتێکی زۆر پێویست نەبووایە نەیدەکڕی، ئێستا کە نرخی دۆلار دابەزیوە هەم خەڵک شت دەکڕێت و هەم بازرگانانیش کاڵاکانیان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشن لەبەر ئەوەی زەرەر ناکەن، بۆیە بەگشتی دابەزینی نرخی دۆلار کاریگەریی زۆری دەبیت.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ”جارێکی دیکە جووڵە دەکەوێتەوە بازاڕ و هاوردە زیاد دەبێت، بەڵام بەپێی ڕێنمایییە تازەکانی بانکی ناوەندی دەبێت بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن بازرگانان، کە ئەگەر کاڵا نەهێنێت دۆلاری پێ نادرێت و پێویستە کاڵاکانیش دیار بێت و ئێستا لە بانکەکان ڕێکارەکان دەستی پێ کردووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکان، بۆیە لەخۆڕا پارە بە بازرگانان نادرێت کە نەزانرێت چۆن و چ جۆرە کاڵایەک هاوردە دەکرێت.”

Back to top button