هەرێمی کوردستان بە فەرمی پابەندی خۆی بە رێکەوتن و یاسای قەرزی عێراق راگەیاند

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شاندی حكومەتی  ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، زانیاری لەبارەی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەخاتەروو.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە فەرمی وەڵامی حكومەتی عێراقمان داوەتەوە و ھەموو ئامادەییەكمان بۆ رێككەوتن نیشانداوە.

وەزیری دارایی، گوتی: “دوێنێ نامەیەكمان لە وەزارەتی دارایی عێراق پێگەیشت، ناوەڕۆكەكەی پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقمان دایەوە، كە ئامادەین ناوەڕۆكی نامەكە جێبەجێ بكەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “لە 26/11/2020 سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە، ئامادەیی حكومەتی ھەرێمی بۆ رێككەوتن نیشانداوە، سەرەڕای ئەوەی تێبینیان لەسەر یاسای قەرز ھەیە كە لە پەرلەمانی عێراق پەسند كراوە”.

ئاوات شێخ جەناب، ئەوەشی خستەڕوو: “لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا لە یەكەم سەردانمان كە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدامان كرد تائێستا، ھەرێمی كوردستان ئامادەیە پابەندی ھەموو بەندەكانی دەستوور و ھەموو ئەو یاسایانە بێت كە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوون”.

گوتیشی: “ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەت و پەرلەمانی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەوانیش ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن”.

خالید شوانی، وەزیری وەزیری ھەرێم و ئەندامی شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ بەغدا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا جەختیكردەوە: “وێرای تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای قەرز كە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ھەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە، كە حكومەتی ھەرێم رەزامەندە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو یاسایە، پێشتریش ئەو ھەلوێستە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاراستەی بەغدا كراوە، ئەو ئیلتیزاماتانەی لە یاساكەدا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی ھەرێم ئێمە ئامادەین جێبەجێی بكەین، حكومەتی ھەرێم لایەنە پەیوەندیدارەكانی خۆی راسپاردووە بۆ جێەجێكردنی یاساكە، پێویستە حكومەتی عێراقیش ئیلتیزامی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات، كە بریتیە لە دابینكردنی بودجەی ھەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران”.

Back to top button