هەزار و 500 مامۆستا و كارمەندی گرێبەستی خوێندنی كوردی لە كەركوك دەكرێنە هەمیشەیی

بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك رایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی هەمیشەیی ئەو كەسانەی گرێبەستن، مامۆستا و كارمەندانی كارگێڕیی خوێندنی كوردیش دەگرێتەوە كە ژمارەیان هەزار و 500 كەسە.
پەروین فاتیح  بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە لێدوانێكی میدیایدا باسی لەوەكردووە، وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاری دامەزراندنی 17 هەزار و 500 كەسی لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی دەركردووە، لەو ژمارەیە هەزار و 25 مامۆستا و 477 فەرمانبەر و كارمەندانی كارگێڕیی خوێندنی كوردیش دەكرێنە هەمیشەیی.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، مامۆستا یان فەرمانبەر هەیە لەساڵی 2010ـەوە گرێبەستە، ئێستا وەزارەتی پەروەردەی عیراق داوایكردووە بڕوانامەكانیان نوێبكرێتەوە و مامەڵەی نوێ ئاراستەی پەروەردە بكەن.
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك رونیشیكردووەتەوە، 7 هەزار و 850 مامۆستا و 750 وانەبێژ وانە بە خوێندكارانی بەشی خوێندنی كوردی دەڵێنەوە، زۆرینەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە موچە وەردەگرن، ئەو كەسانەی لە خوێندنی كوردیی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەشێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێن، پێشتریش موچەیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە وەرگرتووە.

Back to top button