هەنگاوی کرداری بۆ باشترکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان نراوە

بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان لە بواری ژینگە هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە و بە کرداریش کاری باشی کردووە، بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە خاوەن  دەوڵەمەندترین ژینگەیە و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی باشتر بێت.

بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئازاد نووری،ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان و بەتایبەت ژینگە هەنگاوی باشی ناوە، چونکە لە جیهان بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا هەمووانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە کە لە هەندێک شوێن لافاو هەڵدەستێت و هەندێک شوێن وشکەساڵییە، بەڵام ژینگەی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و کاری باشیشی بۆ کراوە لە ڕووی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و وەزارەتەکانیش لەگەڵ ئێمە هاوکارن و لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانییەکانیش پەیوەندیی باشمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کاری باشتر لە بواری ژینگە بکەن، بۆ نموونە، گازی بەفیڕۆچوو لەجیاتی ئەوەی ژینگە پیس بکات سوودی لێ وەردەگیرێتەوە، ئەوە هەنگاوێکی باش نراوە لە عێراق شتی وا نەبووە.

ئازاد نووری گوتیشی: ”جگە لەوەش، بەرهەمهێنانی وزە لە ئاو و لە تیشکی خۆر وەردەگیرێت و کارەبای لێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەوڵەمەندترین شوێنە و ئەو هەنگاوانەی ئێمە لە بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان ناومانە لە عێراق نەبووە، ئەوە بە هەماهەنگی و هاوکاریی وڵاتانیش بووە .

نووری ڕوونیشی کردەوە: جگە لەوە، لەبارەی زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییشەوە بەردەوام کار دەکرێت و هەنگاوی باش نراوە و لەگەڵ ڕێکخراوێکی جیهانی و بە هاوکاریی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و کشتوکاڵ بۆردێک پێک هاتووە و دەمانەوێت بزانین کە لە چوار وەرزە ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان چەندە و لە 2015 مەسحێک کرابوو و بڕیارە ئەپدێت بکرێتەوە، بۆیە هەنگاوی کرداری نراوە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان زیاد بێت .

گوتیشی: بەردەوام کار لەسەر باشترکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەکەین و تەنها لەگەڵ بەغدا 20 ڕێککەوتنمان هەیە لە هەموو بوارەکاندا، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و چەند بوارێکی دیکە.

Back to top button