هەواڵگریی ئێران بە کورتەنامە هۆشداریی دەداتە دانیشتوانی وڵاتەکە

وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دەدات لە دۆخی وڵاتەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس ئاشکرا دەکات و لە رۆژهەڵات و شارەکانی دیکەش ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەڕێوچونی ناڕەزایەتیی بەرفراوان.

وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی چەند تیمێکی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردوە 21 کەس لەو دەستگیرکراوانە سەر بە رێکخراوی “موجاهیدینی خەلق” بون و هاوکات ژمارەیەک کەسیش بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.

لە بەیاننامەکەی ئەو وەزارەتەدا هاتوە “چەند تیمێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییان داوە بەڵام پیش جێبەجێکردنی هەوڵەکانیان دەستگیرکراون”.

ئیتلاعات لە رێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی بە دانیشتوانی ئێران داوە کە ئەگەری کاری تێکدەرانە لە لایەن هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بەهێزە و لە کاتی گومانکردن لە هەرکەس و شتێک پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانی ئەو وەزارەتەوە بکەن.

لە شەوی رابردوەوە جوڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرەو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت سنە و مەهاباد و کرماشان زیادی کردوە و سەرەڕای ئەوانەش گەنجانی ئەو بەشە لە کوردستان بە ئاگرکردنەوە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان ناڕەزایەتییان دربڕیو و داوای خۆپیشاندانی بەرفراوانیان کرد.

پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی ئێران بە چەند بەیاننامەیەکدا داوایان لەخەڵک کردوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی شۆڕشی ژینا بەشداریی فراوان لە رێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بکەن.

Back to top button