هەولێر بەپاکترین شاری عێڕاق هەڵدەبژێردرێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

ڕاپرسیەکی میدیایەکی عێڕاقی کە بەشداربوان لەسەرتاسەری عێڕاق بوونە و تەواوی شارەکانی هەرێـی کوردستان و عێڕاق خراونەتە دەنگدانەوە، پارێزگای هەولێر بە پاکترین شاری عێڕاق هەڵدەبژێردرێت .
سیامەند کەریم گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ڕاگەیاند بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی ئاسمانی عێراق کە لە تەواوی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پاکوخاوێنی شارەکان کردوویەتی، کەسانی شارەزا و ژینگەپارێزی لەگەڵدا بووە، شاری ھەولێر بە پاکوخاوێنترین شار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەڵبژێردراوە، شاری بەسڕاش بە پیسترین شار، گوتیشی ”یەکێکی دیکە لە شارە خاوێنەکانی عێراق، شاری دیالە بووە، کە بەپێی گوتەی خەڵکەکەی، کاریگەری خەڵکی شاری ھەولێریان لەسەر بووە، ئەو کاتەی ئاوارەی ئەو شارە بوون و چەند ساڵێك تیایدا ژیان و دواتر گەڕانەوە زێدی خۆیان“.
سیامەند کەریم باسی لەوەش کرد کە ماوەی چەند مانگێکە کێشەی بۆن و کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکی ھەولێر لە ناوچەی کانی قڕژاڵە چارەسەر کراوە، بەپێی ڕای شارەزایانیش لەو چاڵانەی کە لە زبڵخانەکە بۆ بڕینی بۆنەکە لێ دراون، دەتوانرێ لە داھاتوودا غازی کارەبا بەرھەم بھێندرێت، هەروەها ئاشکرای کرد كە دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکڵینی پێشکەوتوویان خستووەتە پلانەوە و دوای ڕێکاری پێویست بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارەکانی دامەزراندنی، دەدرێتە وەبەرھێن.

Back to top button