هەولێر دەبێتە سەنتەرێک بۆ خوێندنی بەریتانی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، زانکۆی بەریتانیا بڕیاری داوە لقێکی زانکۆکە لە هەولێر بکاتەوە، کە دەبێتە یەکەم سەنتەری زانکۆی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قوتابییانی ئەو وڵاتانە دەتوانن بێنە هەرێمی کوردستان و لەو زانکۆیە بخوێنن، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، ڕایگەیاند: ”مەبەستی سەرەکیی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن بەشداریکردن بوو لەو ئاهەنگەی کە لە بارەگای سەرەکیی زانکۆی لەندەن ڕێک خرابوو بۆ ڕاگەیاندنی کردنەوەی زانکۆی بەریتانی لە هەولێر، کە بەرنامەکانی زانکۆی لەندەن جێبەجێ دەکات و زەمالەی خوێندن بۆ ١٠ کەسی هەرێم دابین دەکات کە مەرجەکانیان هەبێت بۆ ئەوەی لە لەندەن بخوێنن و ئەم بەرەنامەیە ساڵانەیە و ڕاگەیاندنی توێژینەوەی زانستی لەبارەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو زانکۆیەوە بە گوژمەی 10 ملیۆن پاوەندی بەریتانی دەبێت، ئەمانە هەمووی لە ئاهەنگەکە باس کران، کە خەڵکێکی زۆری ئەکادیمی و سیاسی و پەرلەمانتار تێیدا بەشدار بوون، بۆیە کارێکی باش بوو و بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وتارێکمان پێشکەش کرد کە ئامادەین لە بواری ئەکادیمی و زانستیدا پێشوازی لە وەبەرهێنەران بکەین.”

شوکری ڕوونیشی کردەوە: ”کردنەوەی لقی زانکۆی لەندەن لە هەولێر دەبێتە دەروازەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەو لقەی زانکۆکە لە هیندستان و سەنگافۆرە و لە هەولێریش کراوەتەوە، بۆیە هەولێر دەبێتە سەنتەرێک بۆ خوێندنی بەریتانی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە قوتابییان لەو ناوچانەوە بێن لە هەولێر درێژە بە خوێندنیان بدەن.”

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ”دابینکردنی زەمالەی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆر باشی دەبێت و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی کاری عێراقی-بەریتانی دانیشتنمان کرد و سەردانی  پەرلەمانتارانی بەریتانیامان کرد و گفتوگۆمان کرد و، باسمان لەوە کرد لە مانگی شەشی ئەمساڵدا کۆنفرانسێکی تایبەتی ئابووری هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و عێراقدا بەڕێوە دەچێت و، باسمان لەوەش کرد کە چۆن بتوانین کاری بازرگانی و وەبەرهێنان زیاتر بکەین و پشتگیریی کەرتی خوێندن و تەندروستی بکرێت و لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت.”

Back to top button