هەولێر و بەغدا ڕێکەوتن

((خۆر))-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 گەیشتوونەتە رێککەوتن.

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەمان ئەو رێککەوتنەی پێشوو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی بخرێتە نێو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و دوای رێککەوتنەکە شاندەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی پێشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا دەکات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ناکرێت، بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە، چونکە وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی فرۆشتنی نرخی دۆلار بە دینار، هەروەها ئێستاش نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممە دوابخرێت.

Back to top button