هەوکردنی پەردەی مێشک

هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی ئەو پەردە و شلەی کە دەوروبەری مێشک و بڕبڕەی پشت دەدات٬ ئەم پەردانە پێیان دەوترێت پەردەی مێشک.

زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک بەهۆی هەوکردنی ڤایرۆسییەوەیە. بەڵام بەکتریا و مشەخۆر و کەڕوو دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی. هەندێک حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک بەبێ چارەسەر لە چەند هەفتەیەکدا باشتر دەبن. هەندێکی تریش پێویستییان بە چارەسەری بەپەلەی دژە زیندەیی و چاودێری ورد هەیە.

لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکرێت و چاودێری پزیشکیی بکرێت. چارەسەری پێشوەختەی هەوکردنی پەردەی مێشک دەتوانێت ڕێگربێت لە دەرئەنجامە قورسەکانی.

نیشانەکانی نەخۆشیەکە:

نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک دەتوانێت هاوشێوەی نیشانەکانی ئەنفلۆنزا بێت.
نیشانەکان دەتوانن لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا یان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەربکەون.

نیشانەکانی لەهەر کەسێکدا کە تەمەنی لە سەرووی دوو ساڵەوە بێت بریتین لە:

-تایەکی بەرزی لەناکاو.
-ڕەقبوونی مل.
-سەرئێشەی توند.
-سکچوون یان ڕشانەوە.
-کەم بوونەوەی تەرکیز.
-خەواڵوویی.
-هەستیاری بە ڕووناکی.
-نەمانی ئارەزووی خواردن.
-پەڵەی پێست لە هەندێک حاڵەتدا.

نیشانەکان لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا:

منداڵی تازە لەدایکبوو و کۆرپە لەوانەیە ئەم نیشانانەی خوارەوە دەربکەوێت:

-تای به‌رز.
-بەردەوام گریان.
-خەواڵوویی و ناچالاکی یان سستبوون.
-سەختی لە خەو هەڵسان.
-کەمی خواردن.
-ڕشانەوە.
-ڕەقبوونی جەستە و مل.

هەوکردنی پەردەی مێشک بە هۆکاری بەکتریا نەخۆشییەکی مەترسیدارە و ئەگەر بە خێرایی بە دژە زیندەیی چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ببێتە هۆی گیان لەدەستدان هەروەها دواکەوتنی چارەسەر ئەگەری تێکچوونی هەمیشەیی مێشک زیاد دەکات.

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکە زیاتر دەکەن:

-نەکردنی ژەمە ڤاکسینەکان بە دروستی و لە کاتی خۆیدا.
-کەمی بەرگری لەش و هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن.
-نیشتەجێبوون لە شوێنی قەرەباڵخ.
-تەمەن: منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ مەترسی تووشبوونیان زیاترە.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەگەر بە زووی چارەسەر نەکرێت:

-مردن.
-لەدەستدانی توانای بیستن و بینین.
-تووشبوون بە گەشکەی بەردەوام.
-کەمبوونەوەی ئاستی بیرەوەری و کەمبوونەوەی ئاستی زیرەکی.

هۆکارەکانی گواستنەوە:
ڤایرۆس یان بەکتریا باوەکان کە دەبنە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک دەتوانن لە ڕێگەی: کۆکە، پژمین، ماچکردن، یان هاوبەشکردنی کەلوپەلی خواردن، فڵچەی ددان یان جگەرە بڵاوببنەوە.

خۆپاراستن:

-پەیڕەوکردنی ژەمە ڤاکسینەکان و وەرگرتنیان لە کاتی خۆیدا بە پێی خشتەی کوتانەکان.
-پاک و خاوێنی و پاک ڕاگرتنی دەست و کەلوپەلەکانی ڕۆژانە و بەکارهێنانی ماسک لە کاتی پێویستدا.

چارەسەر:
لە کاتی هەبوونی نیشانەکان پێویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و نەخۆشخانە بکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات منداڵەکە پشکنینی پێویست و چارەسەری وردی بۆ بکرێت.

چارەسەری ئەم نەخۆشییە بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ دەدرێت بە دەرمانی تایبەت دەبێت کە بڕیاری لەسەر دەدرێت بە پێی دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە.

پشکنینی ئاوی پشت کەمترین زیانی لاوەکی هەیە و هەڵەیە دایکان و باوکان ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی ئەو پشکنینە.

Back to top button