هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دوا دەخرێت

((خۆر))-

ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق هەیە و پەرلەمانتارێکیش ڕای دەگەیەنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبەر لەمپەرەکانی بەردەمی توانای نیە هەڵبژاردن لەو وادەیە ئەنجام بدات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، لەکۆبونەوەی ڕۆژی دوشەممەی ڕابردووی نێوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ‌و کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، داوا لەسەرۆک وەزیران کراوە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بۆ مانگی ئەیلول دوابخرێت، تاوەکو کۆمسیۆن بتوانێت ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواوبکات، کازمیش بەڵێنیداوە هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکەی کۆمسیۆن بکات.

هاوکات، باسم خەششان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە کە کۆمسیۆنی باڵی هەڵبژاردنەکان لەهەڵبژاردنی داهاتودا ڕوبەڕوی گرفتى گەورە دەبێتەوە، هەر لەڕوی یەکلایینەکردنەوەی بابەتی دابەشکردنی کۆتای ژنان لەحاڵەتی سەرکەوتنی زیاد لەیەک پاڵێوراو، ئەوە جگە لەکۆتای کەمینەکان‌و چۆنێتی دابەشکردنی دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، ئەو گرفتانە ڕەنگە سەربکێشێت بۆئەوەی لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانە لەیاساکە بدرێت، کە هێشتا ئەو دادگایە دروستنەکراوەو دەنگ لەسەر یاساکەی نەدراوە”.

به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، “پێویستە پەڕلەمان دوو مانگ بەر لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەویش دەبێت مانگێک پێشئەوە دادگای فیدراڵی دروستکرابێت، کە ئەوەش بەدوردەزانرێت، کەواتە چۆن پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواردەکاتەوە، بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزەو دواخستنی هەڵبژاردنەکان ئەگەرێکی کراوەیە”.

Back to top button