وادەی دروستكردنی سێ‌ بەنداوەكە لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، ڕاگەیاند: ”هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ دەربارەی دروستکردنی سێ بەنداو گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش و لێکتێگەیشتنیان هەیە و بڕیارە حکوومەتی فیدراڵ دەست بە دروستکردنی سێ بەنداو بکات لە هەرێمی کوردستان، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی و تەنیا ماوەتەوە سەر جێبەجێکردنی ئەو سێ پڕۆژەیە.”

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان دەشڵێت: “دروستکردنی ئەو سێ بەنداوە هەنگاوێکی باشە بۆ گلدانەوەی ئاو، بەڵام دروستکردنی بەنداو کاتی پێویستە، بەتایبەتی بەنداوی گەورە، داواکارین عێراق پەلە بکات بۆ دەستپێکردنیان.”

ڕەحمان خانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بەهۆی بارانی ئەمساڵەوە ڕێژەی ئاو لەناو بەنداوەکان زۆر زیادی کردووە، بەنداوە بچووکەکان پڕ بوون لە ئاو، تەنیا بەنداوە گەورەکان ماون بۆ ئەوەی پڕ ببن لە ئاو، چەندە باران ببارێت ئەگەر نەبێتە هۆی لافاو و زیانگەیاندن بە خەڵک، سوودی زۆرە بۆ بەنداوەکان.”

Back to top button