وردەکاریی نهێنی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لەلایەن دەزگا نهێنیەكانی ڕۆژئاواوە ئاشکرا بووە

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەرپرسانی دەزگا نهێنیەكانی ڕۆژئاوا،  ئێران کەرەستەکانی پۆمپاژ، سانتیریفیوژ و کەرەستەی پیتاندنی ئورانیۆم کە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی شاردووەتەوە.

بەپێ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ”دیلی تێلیگرافـ”ـی بریتانیا، بەرپرسێکی باڵای ئیتلاعاتی ڕۆژئاوا وتبووی کە ئێران لایەنەکانی ڕاستەقینەی بەرنامەی ناوکی خۆی لە جیهانی دەرەوە دەشارێتەوە و ئەمە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران بەنیازی ئەوە نییە پابەندی بەڵێنە نێونەتەوییەکان بێت.

هاوکات ”ڕافائێل گروسی” بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە وتووێژێکدا وتوویەتی: ”ڕێککەوتنی کۆنی ناوکی لەگەڵ ئێران مردووە”.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بەڵێنییەکانی بەرجام لەلایەن تارانەوە، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ڕابردووی دژوار کردووە.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمریكا لەوبارەوە وتبوویان، مەرجی گەڕانەوەمان بۆ بەرجام، پابەندبوونی ئێرانە بە خاڵەکانی ئەو ڕێكەوتنە.

Back to top button