وزیری دەرەوەی ئەمریکا: هیچ پارەیەکی بلۆککراوی ئێران ئازاد نەکراوە

((خۆر))- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

“ئانتۆنی بلینکێن” وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕایگەیاند: “ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئازادکرانی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ڕاست نین و هیچ پارەیەک ئازاد نەکراوە”.

“ئانتۆنی بلینکێن” جەختی کردووەتەوە، هەتا ئەو کاتەی کە ئێران نەگەڕێتەوە بۆ بەڵێنییەکانی، هیچ کام لە گەمارۆکان لەسەر ئەو وڵاتە لا نابەین.

پێشتر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، بە ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی پارەکانی ئێران، لە کۆی ٧ ملیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە کۆرەی باشوور، یەک ملیارد دۆلار ئازاد بکرێت و بڕیارە لە بەرانبەری ئەو بڕه پارەیەدا دەرمان و خۆراک لە ڕێگای کاناڵی ماڵیی سوئیس بۆ ئێران هەناردە بکرێت.

ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئەو ڕاگەیەندراوە، “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتی: “تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەلایەن کۆرەی باشوور بۆ ئازادکردنی پارەی ئێران ئەنجام نەدراوە”.

Back to top button