وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیارێكی نوێی بۆ تۆماركردنی چه‌ك ده‌ركرد

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی نوێی سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی چه‌كی ئاگرین ده‌ركرد، ئه‌ویش كردنه‌وه‌ی 48 بنكه‌ی نوێی تۆماركردنی چه‌كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: بە مەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان تا لە ماوەی ئەو مانگەی ماوە و بۆ ئەوەی تا 21ی تەمووزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو.

وه‌زاره‌ت داواشی لە هاووڵاتییان كرد بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەم بنکانە بکەن کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانتان بێ بەرامبەر تۆمار بکەن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە و لەگەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێری وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە.

 

Back to top button