وێنە..ئافرەتێکی تووشبووی شێرپەنجە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماستەر بەدەستدەهێنێ

ژنێکی میسڕی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا توانیویەتی بەسەر شێرپەنجەدا سەربکەوێت و بڕوانامەی ماستەر بەدەستبهێنێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سکای نیوز عەرەبی، ئەو ژنە بەساڵاچووە میسرییە بەناوی ئەمەل ئیسماعیل ئەلبەلا، تەمەن ٨٠ ساڵ، دانیشتووی شاری مەنسوورە لە باکوری قاهیرە ئاشکرایکردووە، بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە فاکەڵتی ئاداب بەدەستهێناوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەیان نەوەی ئاهەنگیان سازکرد بەو بۆنەیەوە.

ئەمەل دەڵێت،” لەپێناو درێژەدان بە خوێندن خەباتێکی دوورودرێژ و تاڵی کردووە، لە تەمەنی منداڵیدا لە کاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی سەرەتایی وەستا، دوای ئەوە هاوسەرگیریی کرد و سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵەکانی بووە، دواتر لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا تووشی شێرپەنجە بووە.

ئەمەل درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت،”کۆڵم نەدا، لە ڕاستیدا بڕوانامەی ئامادەییم لە قۆناغی چارەسەرکردندا بەدەستهێنا، پاشان وازم لێهێنایەوە بەهۆی هەلومەرجی سەرقاڵبوونم بە پەروەردەکردنی منداڵەکانمەوە، دوای ٣٠ ساڵ هاوسەرەکەم کۆچی دوایی کردووە و ژیانی تەنیاییم بەسەر بردووە، بۆیە بڕیاریمداوە کاتی بەتاڵی خۆم بۆ درێژەدان بە خوێندن بەسەر ببەم.

ئەمەل راشیگەیاند، کاتێک تەمەنی گەیشتە ٧٠ ساڵ، ناوی خۆی تۆمارکرد لە قۆناغی ناوەندی، لە کاتی خوێندنەکەشیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، لەوانە ناڕەزایی کەسانی دیکە، بەڵام ئیرادەی خۆی کۆکردەوە و تەحەدای بارودۆخی تەندروستی خۆی کرد بەهۆی نەخۆشییەکانی پیرییەوە و پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی خوێندنی ئامادەیی کرد، دواتر پەیوەندی بە فاکەڵتی ئادابەوە کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێنا، دواتر ئارەزووی کرایەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی و بەدەستهێنانی ماستەر.

Back to top button