وەزارەتی تەندروستی لەسەر ناردنی دەرمانی فڕێدراو بۆ هەرێمی كوردستان هاتەدەنگ

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم وەڵامی پزیشكێك دەداتەوە كە وتبووی لە ئوردن ئەو دەرمانانەی كە بڕیارە فڕێبدرێن بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێن و جەخت لەوە دەكاتەوە، پێویستە قسەكانی بسەلمێنێت.
لە رونكردنەوەیەكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، دوای بڵاوبونەوەی پارچە ڤیدۆیەكی پزیشكێك بەناوی “د. عەتیە” كە باسی ناردنی دەرمانی فڕێدراو دەكات لەلایەن كۆمپانیایەكی دەرمان لەوڵاتی ئوردن لەساڵی 2005 گوایە لەجیاتی فڕێ بدرێت ئەو كات نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان هەروەها دەڵێت تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، ئەم جۆرە لێدوانانە دڵەڕاوكێ و شڵەژانی دەرونی و بێمتمانەیی لەنێو هاوڵاتیان دروست دەكات.
ئەوەش هاتووە، لە بەڕێوەبەرایەتی كواڵێتی كۆنتڕۆڵی جۆری هاوڵاتیان دڵنیا دەكەنەوە كەوا رێكارەكانی هاوردەكردن و هێنانی دەرمان بەفەرمی و یاسایی بە زنجیرەیەك رێكاری زانستی و تۆماركردن و دڵنیابوونی سەرچاوە و كارگەی بەرهەمهێنان و پشكنینی تاقیگەیی ورددا دەڕوات.
ئەوەش هاتووە، پێویستە ئەو بەڕێزە ئەم بابەتە پشتڕاست بكاتەوە و هەموو راستی و دۆكیومێنتی ئەو قسانە بسەلمێنێت، تاوەكو بەرچاوڕونیمان هەبێت و سوپاسی هەر كەس و لایەنێك دەكەین هاوكارمان بێت بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێكی بێ كواڵێتی و نافەرمی و هەر گومانێك كە هەبێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر لە بەرامبەر فڕێدانی قسە و دروستكردنی گومان و دڵەڕاوكێ و لاوازكردنی متمانەی هاوڵاتیان.

Back to top button