وەزارەتی دارایی: ئەم مانگە 321 ملیار دینار كورتهێنان بۆ موچە هەبووە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەم مانگە 321 ملیار دینار كورتهێنان بۆ موچە هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕكراوەتەوە.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم مانگە 321 ملیار دینار بۆ موچە كورتهێنان هەبووە كە لە داهاتی ناوخۆ پڕكراوەتەوە، داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نییە بەڵكو بۆ خەرجییەكانی حكومەتیشە.
وتیشی، مانگانە حكومەت خەرجییەكی زۆری هەیە، هەر لە خزمەتگوزاری، وەزارەتەكان، دابینكردنی خواردن بۆ زیندانیان، پاككردنەوە، سەوزاییەكان و كۆمەڵێكی دیكە خەرجی هەیە كە سەرجەمیان لە داهاتی ناوخۆ دەدرێت، تەنانەت موچەی وانەبێژان كە مانگانە دەدرێت لە داهاتی ناوخۆیە.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەشكردووە، ئەو ژمارانەی كە هەن سەرجەمیان بە فەرمی پێشكەش بە حكومەتی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی كردووە و چاوەڕوانن مانگانە بەغدا پشكی هەرێم لە بودجە رەوانە بكات.

Back to top button