وەزارەتی دارایی رێنماییه‌كی لەسەر وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی پێشینه‌ی هاوسەرگیری و خانوبەرە هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رێنمایی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزو پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانوبه‌ره‌ له‌ (كه‌فیل) هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وە. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستای هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا؛ بە هەڵوەشاندنەوەی رێنماییمان (ژمارە 9ـی ساڵی 2023) تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستەبەر (کەفیل).”

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوە قەرزی پێشینەی خانوبەر و هاوسەرگیری دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی وتیشی، “حکومەتی هەرێم مەبەستییەتی کە فشارو بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.”

Back to top button