وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوە لەبارەی فرۆشتنی دۆلار دەدات

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی کردۆتەوە هیچ ڕێنماییەکی لەبارەی فرۆشتنی هەزار دۆلاری مانگانە بەهەر هاووڵاتییەک بە نرخی فەرمی دەرکردبێت.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی 08ـی 2023 وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: سەبارەت بەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە لەبارەی کردنەوەی نووسینگەکانی فرۆشتنی دۆلار بە بڕی هەزار دۆلار لە هەر مانگێکدا بۆ هەر هاووڵاتییەک ڕەت دەکەینەوە.

ڕاشیگەیاند: وەزارەتی دارایی پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە هیچ ڕێنماییەکی لەمبارەیەوە دەرنەکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە میدیا عێراقییەکان هەواڵێک بڵاوبووەوە ئاماژەی بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرد بۆ فرۆشتنی هەزار دۆلاری ئەمریکی لەهەر مانگێکدا بۆ هەر هاووڵاتییەک.

Back to top button