وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: كەمی بەنزین چارەسەر دەكەن

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا چارەسەری كەمی بەنزینی راگەیاند.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا هاتوە، وەزارەتەكەیان لە چەند رۆژی رابردودا هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی بەنزین چڕكردوەتەوەو دوای رێگەپێدان لە 30/7/2023 بۆ هاوردەكردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت و لەماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمی بەنزین چارەسەر دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە: بەهۆی ئەوەی حكومەتی عیراق لە 10/7/2023 وە پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمی خستنەڕوی بەنزینی لێكەوتوەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە 3 بۆ 3.5 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، دوای هاوردەكردنی بەنزین كێشەی كەمبونەوەكەی رو لە چارەسەركردن دەكات.

Back to top button