وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فوراتی ئاشکراکرد

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق  ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کۆگەی ئاوی عێراق کەمترە لە هەشت ملیار مەتر سێجا، بەردانەوەی ئاویش لە وڵاتانی دراوسێوە بەر رێژەی 70٪ کەمبووەتەوە ، ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو کە لە هەندێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەمبوونەوەیەی لە پشکە ئاوییەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی باشوور لەم رۆژانەدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئەو داهاتە ئاوییانەی لە تورکیاوە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەسەر رووباری دیجلە و بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و زیادبوونی داواکاری لەسەر ئاو بۆ دڵنیایی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ وەرزی ئێستای زستان کە پلانی بڕیاردراوی تێپەڕاندووە، جگە لەوەش جووتیاران پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئاودان.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەروەها دەڵێت: ئەو بڕە ئاوانەی کە گەرەنتی کراون لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەشی هەموو پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەش دەکات. باس لەوەش دەکات “بەڵام پێشێلکارییان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای ئاوی گەیشتوو بەو پارێزگایانە.”

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو داوا لە حکومەتە خۆجێییەکان دەکات کە پشتیوانیی وەزارەت بکەن لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، داواش لە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان دەکات پابەندی پشکە ئاوییە بڕیارلێدراوەکان بن و پێشێلکاریی نەکەن لەسەر پشکی پارێزگاکانی دیکە بۆ ئەوەی گەیشتنی ئاو بە سەرجەم پارێزگاکان گەرەنتی بکرێت.

 

Back to top button