وەزارەتی كارەبا: بە هۆی پڕۆژەی پێوەری زیرەکەوە، نزیکەی %40 بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم بووەتەوە

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە لە (92%)ى پرۆژەى پێوەرى زیرەک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنى کارەبا تەواو بووە، ئاشكراشی دەكات كە بە هۆی پڕۆژەی پێوەری زیرەکەوە، نزیکەی %40 بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم بووەتەوە.

بریكارەكەی وەزارەتی كارەبا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، بەشى فرۆشتنى کارەبا دەبێتە سیستەمى پەنجەرە و کاروبارى هاووڵاتییان باشتر بەڕێوەدەچێت و بە هۆی سۆفت وێیر و پرۆگرامەکانی پێوەری زیرەکەوە، داتا و زانیارییەکانیان پارێزراوتر دەبن.

گوتیشی: “بەهۆی پێوەری زیرەكەوە بەفیڕۆچوونی کارەبا لە (40%) بۆ (30%) کەم بووەتەوە، هەروەها سووتانى محاویلەكانى دابەشكردنى كارەبا بە هۆی پێوەری زیرەکەوە بە هەمان شێوە زۆر کەمی کردووە.”

روونيشی كردەوە: “تا ئێستا 1,300,000 پێوەری زیرەک بەستراون و بە سەنتەرەوە لینک کراون، خواست لەسەر کارەبا 4,541 مێگاواتە، تواناى بەرهەمهێنان 4,300 بۆ 4,400 مێگاواتە. لە کاتێکدا ژێرخانى بەرهەمهێنانی کارەبا لە 7,000 مێگاوات زیاترە، ئێستا بەهۆى پرۆسەکانی چاککردنەوەوە، 3500 مێگاوات بەرهەم دێت.”

بەپێی گوتەی بریكارەكەی وەزارەتی كارەبا، لە وەرزی هاویندا، خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی 6 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.

Back to top button