وەزارەتی پێشمەرگە دوایین هۆشداری دەداتە پەکەکە

هێرشێکی پەکەکە و یەپەگە بە دەستی پێشمەرگە شکێنرا

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

دوای شکانی هێرشێکی هاوبەشی پەکەکە و یەپەگە وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی تووند دەداتە هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە و دەڵێ ” ئەمە دوایین جار بێت رووداوی هاوشێوە رووبدات”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە لەسەر سنووری سووریا-هەرێمی کوردستان لە فیشخابوور لە بەرزاییەکانی گەردچەپەر ویستوویانە بەنایاسایی سنووری هەرێمی کوردستان ببەزێنن و بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رێگرییان لێ دەکەن، بەو هۆیەوە چەکدارانی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە و تەقە لە نێوانیاندا روودەدات.
هەر بەپێی زانیاریەكان چەکدارانی پەیەدە بە مەبەستی هاوکاری مەفرەزەکەی پەکەکە لە دیوی سنووری سووریا بە چەکی قورس و سوک یارمەتیدەربوون بۆ دەربازبوونی تیرۆریستان.
بەپێی زانیارییەکان، زیان بە چەکدارانی پەکەکە و پەیەدە گەیشتووە و تەرمی چەند چەکدارێکیان لە ناوچەکە بە جێماوە، ئەوانی دیکەش لەو شوێنە هەڵهاتوون، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بێ زیان بووە.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی ئەو هێرشە چەکداریە رای گەیاند، ئەوان کۆمەڵێک چەکدار بوون، بە ئۆتۆمبێلێک هاتوون، حیسابیان بۆ پێشمەرگە نەکردووە و بە چەکی قورس هێرشیان کردووە.
سەربەست لەزگین هەروەها دەڵێ ” ئەوان هەوڵیانداوە ئەو خاڵە بەدەستبهینن و هێرش بکەن، بەڵام شکستیان هێنا و بە رووڕەشی و شکستەوە گەڕانەوە سنووری سووریا”.
گوتیشی ” ئیمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە بەتووندی ئەو رووداوە شەرمەزار دەکەین، هەمووان دەزانن یەپەگە لەژێر فەرمان و تەوجیهاتی پەکەکە کاردەکەن و مەزڵووم عەبدیش ناتوانێت لەژێر فەرمانی ئەوان دەربچێت”.

Back to top button