وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق کراوە بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان

بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی کەمپەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک باسکران، هەردوولا هاوڕابووین بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان بەپێی پێوەری حکوومەتی عێراق بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان.

زەکیە سەید ساڵح ، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بە مەبەستی ئاگاداربوون لەدۆخی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان لەسنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و دانانی ئالیەتێکی گونجاو بۆ هاوکاریکردنیان، چونکە بەرنامەیەک لە حکوومەتی عێراق هەیە بەناوی بەرنامەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی، هاوکات بەشداریکردنی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەندێک ڕاوێژکار و بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەری گشتی دەستە یا چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق بەشدارییان لە وۆرکشۆپێک کرد کە ڕێکخراوێک ڕێکیخستبوو و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە وۆرکشۆپەکەکرد کە دوو ڕۆژی خایاند و گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی دانانی پلان، وەکو تێستێکیش لە پارێزگایەکی عێراق وەریدەگرن کە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن بتوانن هاوکارییان بکەن تا بۆ خۆیان پڕۆژەیەکی بچووک دازنێن، ئەمە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە بوو.

زەکیە سەید ساڵح گوتیشی: مەبەستی ئەوان لە سەردانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەماهەنگی کردن بوو بۆ بابەتی تەندروستی، سەلامەتی پیشەیی، پرسی ڕاهێنانی پیشەیی، هاوکاریکردن و هەماهەنگی ئەو توێژەرانەی دێنە ناو کەمپەکان و ناوی ئەو کەسانە دەنووسن پێویستییان بە هاوکاری هەیە بەپێی پێوەرەی خۆیان، چونکە ئەوان پێوەرێکیان هەیە بۆ ناونووسینی ئەو کەسانەی پێویستن و هەماهەنگی  توێژەری ئەوان و ئێمە لەناو کەمپەکان دەکەن، حکوومەتیش پڕۆژەی لەناو کەمپەکان هەیە ڕێکخراوەکانی یوئێن هاوکارییان دەکات. ئێمەیش وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان هەیە لەبارەی هەماهەنگی کردن لە بواری ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بابەتی کرێکاری بیانی کە لە هەرێم و عێراقن، ئەمانە لە گفتوگۆکانمان باس کرا و هەردوولا هاوڕا بووین هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر بین.

Back to top button