وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی هەرێم بەئەلکترۆنی دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلکترۆنیکردن، ئێستا هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ بەئەلکترۆنیکردنی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کە ئەمەش کارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات، بەتایبەت بۆ کەمئەندامان کە سیستەمی یەک پەنجەرە جێبەجێ دەکرێت.

ئاریان محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی بەئەلکترۆنیکردنی وەزارەتدا کەمئەندامان پێویستیان بەوەیە کە ئاسانکارییان بۆ بکرێت و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە پێویستی زانی ئەو هەنگاوە بنێن و سیستەمی یەک پەنجەرەیی جێبەجێ بکەن و لە دهۆک کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە کە مامەڵەکەی لە شوێنێک پێشکەش دەکات و هەموو کارەکان بە یەک لەدوای یەک جێبەجێ دەکرێت و بۆی دەگەڕێتەوە و لە هەولێر و سلێمانیش خەریکی ئەو کارەین و لە کار و دەستەبەریش لۆدێکی زۆرمان لەسەر هەبوو، لەوێش لە ڕێگەی سیستەمی یەکپەنجەرە کەمێک ئەرکی هاووڵاتیانی کەم کردووەتەوە، ئەگەر ئەویش بەتەواوی بکەوێتە کار خزمەتێکی باش دەکات.

ئاریان محەمەد گوتیشی: کار دەکەین بۆ ئەوەی وەزارەت بە هەموو بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان ببەستینەوە، چونکە لەناو وەزارەت ئەو کارە کراوە لەگەڵ سەرجەم بەشەکانی، بۆیە خەریکی ئەوەین بەئەلکترۆنی بکرێت، بەڵام یەک کێشە هەیە، خەڵک پێی وایە نووسراو نەدرێتە دەستی قەناعەتی نایەت و ڕەنگە کێشە لە هێڵی ئەنتەرنێت هەبێت، یان دروست بێت، بۆیە وەکوو سەرەتا نووسراویشیان پێ دەدرێت، بەڵام بە شێوەی ئەلکترۆنی بۆ هەمووان دەڕوات تا خەڵک بەتەواوی ڕا بێت و متمانەی هەبێت.

محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ئەگەر هەنگاوی بەستنەوەی وەزارەت بە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان تەواو بێت، ئەوکات وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی 100% دەبێتە ئەلکترۆنی، بۆیە کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کارانەی ماون، ئەوانیش تەواو بکرێن و وەزارەت بەتەواوی بەئەلکترۆنی بکرێت.

Back to top button