وەزیری بەرگری عیراق: رێنمایی یاسای بودجە بگات لیوا هاوبەشەكان پێكدەهێنین

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لەئێستادا بۆشاییەكی ئەمنی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقدا هەیە.
مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوە، وەزیری بەرگری عیراق پێی راگەیاندین كە هەر كاتێك رێنماییەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتی بەدەستی گەیشت، ئەوە دەست بە رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان دەكات، بۆیە چاوەڕان دەكرێت بەمزوانە لیوا هاوبەشەكان پێكبهێنرێن و دەستبەكاربن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە كە لەئێستادا بۆشایەكی زۆری ئەمنی لەناوچە كێشە لەسەرەكان لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقدا هەیە، بونی بۆشاییە ئەمنییەكان لەناوچەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق لەڕوی ئەمنییەوە كێشەو گرفتی زۆری لەو ناوچانە دروستكردوە، وایكردوە كە ببێتە هێڵی هاتوچۆی تیرۆریستانی داعش، بۆیە بڕیاردراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، لیوا هاوبەشەكان لەو ناوچانە جێگیر بكرێن و ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
بڕیارە دوو هێزی هاوبەش لە لیوای 20ی پێشمەرگەو لیوای 66ی سوپای عیراق پێكبهێنرێن كە فەرماندەی یەكێك لە لیواكان كورد دەبێت و جێگرەكەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیكەیشیان فەرماندەكەی عەرەب دەبێت و جێگرەكەی كورد دەبێت.

Back to top button