ئەسۆشێتد پرێس: داعش لە ئامادەکاریدایە لە عێراق

((خۆر))- جوتیار شەریف

بەپێی ڕاپۆرتێکى ماڵپەڕى ئەسۆشێتد پرێس، چەکدارەکانى رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق، لە هەوڵى خۆرێکخستنەوەن. بەشێوەک شێوازى ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە پەلاماردانى خۆجێیی سادەوە بەرەو کردەوەى جۆریی ئاڵۆز دەچێت. گرنگترین ئەو هۆکارانەشى کە بوونەتە هۆکارى ئەوەى ئەم گرووپە تیرۆریستییە سەرلەنوێ دەربکەونەوە بریتین:

یەکەم: سوودوەرگرتن لەو کەلێنە ئەمنییەى کە دروست بووە لە دەرئەنجامى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق لەسەر خاک.

دووەم: کەمکردنەوە و کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق کە کاریگەریى نەرێنى دروست کردووە لەسەر رێژەى ئەو ئۆپراسیۆنانەى لە دژى داعش بەڕێوەدەچن.

سێیەم: کەمکردنەوەى ژمارەى ئەو هێزە چەکدارانەى عێراق کە لەئێستادا لە ئەرکدان بە رێژەى 50%، ئەمەش، بەهۆى ئەو رێکارانەى کە لەبەرامبەر پەتاى کۆڕۆنا دەگیرێنەبەر.

چوارەم: کاریگەریى سەرکردایەتى نوێى داعش، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمى ئەلقورەشى کە دوابەدواى کوژرانى تیرۆریست ئەبوبەکر بەغدادى سەرپەرشتیکردنى ئەو گرووپە تیرۆریستییەى کەوتە ئەستۆ.

پێنجەم: بوونى هاوسۆزى، پاڵپشتى و داڵدەدانى ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لەو ناوچانەى کە جموجووڵیان تیادا زۆربووە.

شەشەم: هەڵهاتنى 500 چەکدارى داعش لە بەندیخانەکانى سووریا بۆ عێراق. کە لەئێستادا ژمارەى چەکدارەکانى داعش لە عێراق لەنێوان 2500 بۆ 3000 چەکدارە.

Back to top button