پارتی بەھەموو شێوەیەک دژی بڕگەیەکی ماددەی 14ی بوودجەیە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق بڕگەیەک لە ماددەی 14 زیادکراوە لەبارەی ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ پارە بۆ پارێزگاکان ڕەوانە بکرێت، کە ئەمەش دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەھەموو شێوەیەک دژی ئەو بڕگەیە.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق بڕگەیەک لە ماددەی 14 زیادکراوە لەبارەی ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ پارە بۆ پارێزگاکان ڕەوانە بکرێت، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەھەموو شێوەیەک دژی ئەو بڕگەیەین”.

دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: “ھۆکاری دژایەتیکردنی ئێمەش بۆ ئەو بڕگەیە ئەوەیە کە ئەو بڕگەیە لەماددەی 14 دیاریکراوە دژی ھەرێمی کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پێچەوانەی دەستووری عێراقیشە”.

بەپێی بڕگەیەک لە ماددەی 14ی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق ھاتووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان و خەرجکردنی شایستەی وەبەرھێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراقە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ناردنی پارەی راستەوخۆ بۆ پارێزگاکان.

Back to top button