پارتی لە موسڵ :8 کورسی دەبەینەوە

مەناف حەسەن، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 14ی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “تاوەکو ئێستا بانگەشەیەکی گەرم لە نەینەوا دەستیپێنەکردووە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو تا ئەو دواییەش دڵنیایی نەبوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە هەڵبژاردن بکرێت، ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکان دەستمان بە بانگەشە کردووە و هیچ کێشیەکمان نەبووە”

. مەناف حەسەن گوتی، “لە هەڵبژاردنی رابردووش رێژەی دەنگدان لە نەینەوا کەمبوو، بەڵام دەنگدەری پارتی باش بوون، هەڵبژاردنی رابردوو 6 کورسیمان لە 34 کورسی بردەوە، لە کاتێکدا گوشارێکی زۆر لەسەر دەنگدەری ئێمە هەبوون، ئەم هەڵبژاردنەش دڵنیاین دەنگدەرانی ئێمە بەشداری دەکەن، ئێمە هەوڵی خۆشمان دەدەین لە رێگەی سەردانەوە خەڵک هان بدەین”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەناف حەسەن ئاماژە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت، “ئەگەر هەڵبژاردن بە شەفافی بەڕێوەبچێت 8 کورسی دێنین، بەڵام ئەگەر وەکو جاری رابردوو ساختەکاری هەبێت ئەوە شتێکی دیکەیە. ئەمجارە رەوشی ئەمنی باشترە لە جاری رابردوو، چونکە جاری رابردوو گوشاری زۆر هەبوو لەسەر دەنگدەرانمان، ئێستاش ئەو گوشارانە هەن بەڵام باشترە بەراورد بە هەڵبژاردنی پیشتر”.

هەروەها بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە نەینەوا گوتیشی، “پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبە عێراقییەکان زۆرباشە، تەنیا کێشەمان لەگەڵ لیوای 30ی حەشدی شەعبی هەیە، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لێکتێگەیشتنمان هەیە و کێشەمان نییە”. مەناف حەسەن لەبارەی نیگەرانیی خەڵک لە بەڵێنی جۆراوجۆری بەربژێرەکان لە کاتی هەڵبژاردن و جێبەجێنەکردنیان دوای ئەوەی دەردەچن گوتی، “بەربژێری پەرلەمان ناتوانن پرۆژە بۆ خەڵک بکەن، چونکە ئەوان دەچنە پەرلەمان و کاریان یاسادانانە، نەوەکو جێبەجێکردنی پرۆژە، تەنیا دەتوانن لە رێگەی کوتلەی پەرلەمانی خۆیان، یان حیزبەکەیان هەندێک شت بۆ ناوچەکەیان بکەن”.

Back to top button