پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا وەک حزبی یەکەمی عێراق و کوردستان دەمێنێتەوە

لە ھەولێر پارتی کەرنەڤاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی بەڕێوە برد و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ئامار و داتای ورد لەبارەی ئەندام و دەنگدەرانی پارتی ئامادە کراوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پارتی ئەم جارەش حزبی یەکەم دەبێت.

کاکەمین نەجاڕ، بەرپرسی سەرکردایەتیی پارتی لە ھەولێر ئاشکرای کرد: “ئەم جارە پارتی ئاماری وردی ئامادە کردووە و دەزانین لە ھەر سنوورێک پارتی چەند ئەندام و لایەنگری ھەیە، ھەتا وردەکاریی تەواو لەبەردەستە بۆ ئەوەی لە ھەر خێزانێک چەند ئەندامی پارتی ھەیە و چەند لایەنی دیکەن، ئەوەش کارئاسانی زۆر دەکات بۆ بەرچاوڕوونیی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، کادیرەکانی ئێمە زانیاریی باشیان پەیدا کردووە بۆ کارکردن.”

بەرپرسی سەرکردایەتیی پارتی کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسییە دەڵێت: “پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووش وەک حزبی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەش لە ھەڵبژاردندا لیستی ئێمە، لیستی یەکەم دەبێت.”

کاکەمین نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “دانان و دابەشکردنی کاندیدەکانی پارتی بەپێی دیراسەت بووە،  پێویستە ھەڤاڵانی ئێمە لە ھەر بازنەیەکی ھەڵبژاردن پابەند بن بە بڕیاری حزب بۆ ئەوەی دەنگ بەو کاندیدەی پارتی بدەن کە حزب بۆ سنوورەکە دیاریی کردووە، چونکە یاسای ھەڵبژاردن گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و دەنگ بۆ لیست ناچێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندید دەدرێت.”

لەبارەی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانەوە، نەجاڕ گوتی: “پێویستە ئەندام و لایەنگرانی پارتی گوێ بە پڕۆپاگەندانەی دواخستنی ھەڵبژاردن نەدەن، لەبەر ئەوەی بڕیاری فەرمی تا ئێستا ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئەگەر ھەڵبژاردن دواش بخرێت، تەنیا بۆ چەند مانگێکە، واتە دەبێت ھەر ئامادەکاری بکەین و نابێت سارد بینەوە.”

Back to top button