پارتی چوار داواکاری دەداتە یوئێن لە کەرکووک

بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، بۆ یەکەم جار لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بەشداریمان لە کۆبوونەوە لە کەرکووک کرد بە سەرپەرشتیی یوئێن و تێیدا چوار داواکاریمان پێشکەش کردن.

مەسعود مەلا پەروێز، کە نوێنەری پارتی بوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کەرکووک بە سەرپەرشتیی یوئێن، ڕایگەیاند : ”یوئێن وەکوو ڕێکخەر و نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەکتری ئەمڕۆ لە کەرکووک کۆبوونەوەیەکی بۆ لایەنە کوردییەکان ڕێک خست و ئێمەش وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەم جارە لە کەرکووک بەشداری لە کۆبوونەوە بکەین، کە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی یوئێن لە کەرکووک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام درا و تێیدا باسمان لە پێشێلکارییەکان کرد کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا کراون و نەخشەڕێگای ئێمە لە چوار خاڵ پێک دەهات بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا، ئەوانیش ئەمنی و ئیداری و سەربازی و سیاسیین، کە ئەمنیەت بدرێتە دەست پۆلیس و ئیدارەی ئێستا بۆ پێشوو بگەڕێتەوە و هێز لەناو کەرکووک نەمێنێت و تەعریب کە زۆر مەترسیدار بووە لەسەر کورد ڕابگیرێت ، بۆیە گرنگە یوئێن هەوڵ بدەن کە شیرازەی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک تێک نەچێت، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دۆخەکە خراپتر دەبێت.”

مەسعود مەلا پەروێز گوتیشی: ”حکوومەتی عێراق کە لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە پێک هاتووە کە پارتی لەگەڵی کردوون و یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکە.”

مەلا پەروێز ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داواکاریی نووسینگەی کەرکووکی یوئێن بوو، ئەوانیش داواکاریی ئێمە دەگەیەننە سەرووی خۆیان لە بەغدا و ئێمەش داواکاریی خۆمان بەفەرمی پێشکەش کردن، بۆیە کۆبوونەوەکە ئیجابی بوو.”

Back to top button