پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژە دانا

ئەمڕۆ لە قەزای ئاکرێ بەئامادەبوونی پارێزگاری دھۆک بە گوژمەی 3 ملیار و 734 ملیۆن دینار بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژە دانرا، کە زیاتر دروستکردنی رێگای گوندەکانی سەر بە ئاکرێ و دەوروبەری بوو.

پارێزگاری دھۆک، دکتۆر عەلی تەتەر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژە لەئاکرێ گوتی: “ئەمڕۆ بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەمان دانا کە زیاتر لە بواری رێگاوبان و ئاو بوو، ئەو پڕۆژانە بەردەوامی پڕۆژەکانی پارساڵن لە چوارچێوەی بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان و ھەندێک پڕۆژە ماون لە ڕۆژانی داھاتوو ئەوانیش بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت”.

دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: “ئەوە جگە لەو پڕۆژانەی سەرۆکی حکوومەت سەردانی دەڤەرەکەی کردبوو ئەوانیش چوونەتە قۆناغی راگەیاندن و لەماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ھاوکات ئەو پڕۆژانەی پێشتریش جێبەجێکراون زۆرینەیان تەواو بوونە و ئێستا کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتیان”.

ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی بۆ دانرا ژمارەیان 11 پڕۆژە بوو کە لە بواری رێگاوبان و ئاوە، کە لە ناحیەکانی دینارتە و بجیل و گردەسێنە، پڕۆژەکانیش زیاتر دروستکردنی رێگای گوندەکان بوون.

 

Back to top button