پارێزگاری هەڵەبجە: بەیانی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ پەیوەندی پێوە کردم

پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی بە قەزاکردنی ناحیەی خورماڵ، رایدەگەیەنێت، لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێی راگەیەندراوە، لە ئەمڕۆوە رێکاری یاسایی “بۆ بەزووترین کات بەرجەستەبوونی قەزای خورماڵ” دەستپێدەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی بڕیارەکەی شەوی رابردووی مەسروو بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە قەزارکردنی ناحیەی خورماڵ و پێکهێانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە و جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هاووڵاتییانی ئەو شارە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.

ئازاد تۆفیق سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە بڕیاریانداوە ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بکەنە قەزا و، وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا، بە قەزاکردنی خورماڵ، یەکێک لە ئاواتە دێرینەکانی دانیشتووانی شارەکە بووە.

بە گوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوە کردووە و  پێی گوتووە، “لە ئەمڕۆوە رێکاری یاسایی بۆ بەزووترین کات بەرجەستەبوونی قەزای خورماڵ دەگیرێنەبەر”.

پارێزگاری هەڵەبجە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، “خورماڵ مێژووەکی جوانی لە بواری نەتەوەیی و نیشتمانیی پەروەریدا هەیە. رۆژی 21ـی 2ـی 1946 کۆماری مەهاباد راگەیەندرا، دوای 12 رۆژ، واتا 2ـی 2ـی 1946 ژمارەیەک کەس لە شاری خورماڵ گیران، بەهۆی ئەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشی سابلاغ لە ماڵەکانیاندا هەبووە و بەنهێنی تەقەی خۆشییان کردووە. ئەمە مێژووی نیشتمانی خورماڵە”.

هەر لەبارەی مێژووی نیشتمانی خورماڵ، ئازاد تۆفیق ئەوەی خستەڕوو، “70 بۆ 75 ساڵ پێش ئێستا رۆژنامەی خورماڵ لەلایەن کەسێکی رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری وەکو شاکر فەتاح لەم شارە دەرکراوە. خورماڵ پایتەختی هەڵەبجە و شارەزوور و هەموو هەورامانە”.

دوێنێ یەکشەممە 30ـی تەمموزی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو، “دوای ئەوەی دانیشتووانی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.”

Back to top button