پارێزگاری هەڵەبجە: کۆمەڵێک کەسی بیانی تێکەڵ بە خۆپێشاندان بوون

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت کە دەستی دەرەکی لەپشت خۆپێشاندانەکانەوەیە و ئەوان خۆپێشاندانیان بەلاڕێدا بردوە و هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە دەدەن .

ماوەی چەند ڕۆژێكه لە چەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستان خۆپێشاندان سەری هەڵداوە و گومان لەوە دەكرێ بەشێك لە خۆپێشاندەران لە لایەن دەستی دەرەكی و پەكەكەوە بۆ پشێوی و سووتاندن هان درابن، کە بە هۆیەوە چەندان كەس كوژراون و بریندار بوون و زیانێكی زۆریش بە موڵكی گشتی گەیشتووە. كەسایەتییەكانی هەڵەبجە داوا دەكەن حكوومەت بە یاسا ڕێ لە ئاژاوەگێڕان بگرێت.
لەمبارەوە، عەبدوڵا نەوڕۆڵی پارێزگاری پێشووی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ خۆپێشاندانی هێمنانەین، بەڵام داوای خەڵك دیار بێت و لەگەڵ ئەوه ‌نین بارەگای حزبی و حكوومی هێرشیان بكرێتە سەر یان و بسووتێنرێن و ئەمە چارەی دۆخەكە ناكات، هەروەها دەشڵێت “هەمووان دەزانین هەمەجۆری دەستی وڵاتانی هەرێمی لە ناوخۆی هەرێم هەیه و‌ دەیانەوێ پشێوی و ئاریشە بنێنەوە، خەڵكی خۆمان داوای مووچە و قووتی دەكات، بەڵام كەسانی ئاژاوەگێڕیان تێكەڵ دەبێت و خۆپێشاندانەكان بەرەو پشێوی دەبەن، باوەڕ ناكەم ئەوەی خەڵكی بەویژدان و نیشتمانپەروەر بێت حەز بە ئاژاوە و سووتاندنی بارەگا حزبی و حكوومییەكان بكات، ئەو دەست و كەسانە ئەوانە دەكەن زۆرجار لە ناو خۆپێشاندەران ناناسرێن تێكەڵاو دەبن بەحەماسێكەوە، خەڵكە دڵسۆزەكەش وادەزانێت حەماس و جنێودان بۆ پشتیوانیانە، لەكاتێكدا ئاراستەی خۆپێشاندانەكەیان دەگۆڕێت.”
نەورۆڵی داوا دەكات حكوومەت بێتە سەر خەت و ژیانی خەڵك باش بكات و یاسا بسەپێنێت، بۆ ئەوەی خەڵكی گێرەشێوێن نەتوانێت بێتە ناو خۆپێشاندەران و پشێوی بنێنەوە. لە ساڵانی ڕابردوو لە هەڵەبجە كۆمیتەی ئاشتی هەبوو لە هەموو چین و توێژەكان و ڕێیان نەدەدا خۆپێشاندانەكان توندوتیژییان تێبكەوێت و پێی سەیرە ئێستە ئەمە دووبارە ناكرێتەوە.

Back to top button