پارەی بەشداری کەسەکانی سەر بە دژە تیرۆر لە کوشتنی سولەیمانی دراوەتە لاهور جەنگی

لەوە دەچێت ئەستێرەی بەختی ئەو بنەماڵە چەتەیەی سلێمانی بکوژێتەوە و چیتر ئێران پشتیوانیان لێ نەکات

بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی (یاهو نیوز)، ناوخۆی یەکێتی دەشڵەقێنێت و بومەلەرزەیەک بە پلەی بەرز دەکێشێ بە کوڕەکانی (جەنگی)دا، کە ساڵانێکی زۆرە کەوتوونەتە ڕاو ڕووتکردنی خەڵکی سلێمانی و ئەو زۆنەی ناسراوە بە سەوز، بەشێوەیەک هەم خاک و هەم خەڵکیش دەفرۆشن.

بنەماڵەی جەنگی کە گروپێکی مافیاییان دامەزراندووە بەناوی دژە تیرۆر کە لەناو خەڵکیدا بە فشە تیرۆر ناسراوە ساڵانێکە دەستیان بەسەر خاک و هەواو داهات و گومرگەکانی سلێمانیدا گرتووە و هیچ نەماوە بۆ پارە نەیکەن، هەر لە هێنانی دوگ و جگەری ئێکسپایەرەوە تا دەگات بە تلیاک و زەکەری سناعی، هەموو ئەوانەشیان بەوهۆیەوە کردوە کە ئێران پشتیوانی لە مانەوەی یەکێتی لە سلێمانی کردوە ئەوەش وەکو هێزێکی میلیشایی هاوشێوەی حزبوڵا و حەشدی شەعبی و شەبیحەکانی بەشار ئەسەد.  

بەڵام لەوە دەچێت ئیتر ئەستێرەی بەختی یەکێتی و بنەماڵەی جەنگی کە دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرتووە کوژابێتەوە چونکە ئێران هەڕەشەی توندی دوای راپۆرتەکەی یاهوو نیوز کردوە کە دەستی ئەولایەنە دەبڕێت کە بەشداربووە لە کوشتنی سولەیمانی دا.

بەپێی سەرچاوە گەلی زانیاری نەک دژە تیرۆر دەستی هەبووە لە کوشتنی سولەیمانی بەڵکو راستەوخۆ ئەو تیمەی بەشداری کردوە بە چاودێری ئاراس جەنگی بووە و وابڕیاریش بووە ئاراس خۆشی لە بەغدا چاوی بە سولەیمانی بکەوێ، لەبەرئەوە کاتی هاتن و چوونەکەی زانیوە، ئەو پارەشی لەبەرامبەر پێدانی ئەو زانیاریانە دراوەتە ئەو کارمەندانەی دژە تیرۆری یەکێتی راستەوخۆ بۆ گیرفانی بنەماڵەکەی و لاهور جەنگی نیوە سەرۆکی یەکێتی بووە، بڕە پارەیەکی کەم دراوە بەو کارمەندانەی کە بەشداریان لە کوشتنی سلێمانیدا کردوە.

کە بە گوێرەی راپۆرتەکەی (یاهو نیوز)ی ئەمریكی، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، یاریدەدەری سەرۆكی حەشدی شەعبی كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا لە فڕۆكەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق كوژران، لە رێگەی سێ تیمی تایبەتی ئەمریكییەوە كە بە (هێزەكانی دەلتا) ناسرابوون، ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام دراوە و چەند ئەندامێکیان، خۆیان وەک کارمەندی فڕۆکەخانە ناساندووە و لە چەند شوێنێکی نزیک لەو شەقامەی قاسم سولەیمانی تێدا کوژرا، جێگیر کرابوون.

ئەوەش روون كراوەتەوە كە لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، بە حکوومەتی عێراق گوتراوە، بەشی باشووری رۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەکە دادەخەن، بەهۆی راهێنانێکی سەربازیی ئەمریكا، دواتر سێ نیشانەشکێن (قەناس بەدەست) لە دووری 550 بۆ 850 مەتر لە شوێنی کوشتنی قاسمی جێگیرکراون، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، لە رێگای دووربینی یەکێک لە نیشانە شکێنەکانەوە کە کامێرای پێوە بەستراوە، ئاگاداریی جموجۆڵ و کارەکان بووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئەندامێكی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (سی تی جی)، بەشدار بووە و هاوكاریی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی كردووە.

بەپێی راپۆرتەكە، کاتێک قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزیوە، ئەندامەکانی دژە تیرۆری یەكێتی کە خۆیان وەک کارمەندی گواستنەوەی جانتاکان نیشانداوە، لە نزیکەوە ئەوەیان پشتڕاست كردۆتەوە كە ئەو كەسەی دابەزیوە، قاسم سولەیمانییە.

باسیش لەوە كراوە كە ڕۆڵی دژە تیرۆری یەكێتی لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەرەكی بووە و پێش هێرشەكەش ئامادەكاریی تەواویان كردووە.

قاسم سولەیمانی لە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020،  لە رێگای مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، یاردەدەری سەرۆکی گشتیی حەشدی شەعبی کوژران.

Back to top button