پارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ سەرفکرا

بەڕێوبەری ئاوی ئاکرێ گوتی: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست کراوە بە تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ و پارەش بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە سەرفکراوە، تێچووی پڕۆژەکەش 109ملیار دینارە.

ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی ئاکرێ، ڕایگەیاند:  پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ ماوەیەک بوو ڕاگیرابوو، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئاکرێ بڕیاریدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت، ئێستاش دەستی بە خەرجکردنی پارە کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە سولفە پارە سەرف دەکات، ئێستا بۆ کڕینی بۆڕی ئاو 3 ملیار دیناری خەرج کردووە و بەردەوامیش پارە بە سولفە خەرج دەکرێت تا پڕۆژەکە تەواو دەبێت .
ئەندازیار  زرار ئەحمەد گوتیشی: 109ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ تەواوی پڕۆژەکە، تا ئێستا 65%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، ئێستا لە قۆناغی دانانی بۆڕی داین و لەناو پڕۆژەش کار دەکرێت، بڕیارە هەندێک پێویستی پڕۆژەکە لە ئەڵمانیا بکڕدرێن و هاوردە بکرێن، بۆیە ئێستا هەرچی کێشەی بەردەم تەواوکردنی پڕۆژەکەیە چارە کراون و بڕیارە بڕۆژەکە تەواو بکرێت، دوو سولفەی پڕۆژەکە لای حکوومەت بوو خەرج کراوە، ئەوەی دیکەش چەند کار بکەن بۆیان خەرج دەکرێت.
لەو ئەوپڕۆژەیە دوای تەوا بوونی ئاکرێ و ناحیەی بجیل و 18 گوند سودمەند دەبن، پێشنیاریش کراوە21 گوندی دیکەش لە پڕۆژەکە سودمەند بن، بۆیە پڕۆژەکە زۆر گرنگە کە لە بێخمەوە ئاو دەهێنن و چیتر پێویستمان بە لێدانی بیر و ئاوی ژێر زەوی نابێت.

Back to top button