پاش دەرکەوتنی پێشمەرگە لە شاری شنۆ، هێزێکی گەورەی پەکەکە بۆ رێگری کەوتنە جووڵە

ئێوارەی 20ی ئاداری 2021، هێزێکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای کوردستانەوە دابەزینە نێو شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان (سنووری دەستکردی دەوڵەتی ئێران)، ئەمەش جۆش و خرۆشێکی گەورەی لای کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دروست کرد و دایکان بەدەم ماچکردنی شانی پێشمەرگەوە هاواریان دەکرد بژی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی بەرپرسێکی سوپای پاسدارانەوە لە چیاکانی سنووری شارباژێڕ لە باکووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ سەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبۆتەوە و هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە ئەگەر ئەوان ناتوانن ئاستەنگ لەبەردەم هێزە کوردییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن، ئەوا ئێران ناچار دەبێت چاو بە هاوپەیمانێتییەکەیدا بخشێنێتەوە، بەم هۆیەشەوە بەپەلە هێزێکی پەکەکە لە قەندیلەوە بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێ کەوتوون تاوەکوو رێگە لە هەر جموجۆڵێکی هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوام لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە جێگەی پاسداران و سوپا نیزامییەکانی ئێران، پاسەوانی بۆ سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات.

Back to top button