پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزاری و مووچە لەلایەن حکوومەتەوە دەبێتە بناغەی پەرەپێدانی ئابووری

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و شارەزای ئابووری گوتی، بەئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و مووچە هەنگاوێکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە پرۆسەکە دەستی پێ کردووە و دەبێتە هۆی ئەوەی گەندەڵی و ڕۆتین نەمێنێت و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکرێت، کە دەبێتە بناغەی پەرەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و شارەزای ئابووری، دکتۆر ئەرشەد تەها، ڕایگەیاند: ”ڕێکخستنەوەی سێکتەری دارایی و خێراکردنی کاروباری بازرگانی و هاووڵاتییان لە ڕێگەی بەسیستەمکردنی بانکی پێویستی بە دوو لایەن هەیە، لایەنی تەکنیکی کە کۆمپانیاکان کاری لەسەر دەکەن بۆ بانک و ئاسانکاریی زۆری بۆ هاووڵاتییان تێدایە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی هەژماری منی خستووەتە بەردەم هاووڵاتیان بۆ ئەوەی سوودی لێ ورەبگرن و لایەنی دیکە پێویستە سیولە لە بانکەکان هەبێت، چونکە لایەنێکی دارایی و هونەرییە، هەروەها ڕێکخستنەوەی سێکتەری دارایی و بانک بکرێتە دیجیتاڵی، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە کاتی وەرگرتنی مووچە و خەرجکردنیدا تووشی ئەزیەت نەبن، چونکە بینیمان بەهۆی شێوازی کلاسیکەوە خەڵکێک بوونە قوربانی، بۆیە ئەو خزمەتگوزارییە بەتەواوی کارا بێت، ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت و ڕاستەوخۆ مووچەیان دەخرێتە سەر کارتەکانیان و دەتوانن لە بازاڕیش بەکاری بێنن، ئەوکات بازاڕیش خۆی بۆ ئامادە دەکات و ئامێری پێویست دابین دەکات.”

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتی: ”جگە لەوەش، ئەو هەنگاوە یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕێگریکردن لە گەندەڵی، چونکە کە پارە بەئەلکترۆنی کرا، ئەوکات ناتوانرێت گەندەڵی بکرێت و ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکەی و کۆکردنەوەی داهات و دابەشکردنی مووچە خێراتر دەبێت و گەندەڵی و ڕۆتین نامێنێت و شەفاف دەبێت و کەرتی بزنس و مامەڵەی هاووڵاتییان ئاسان دەبێت، چونکە مەترسی لەسەر بەفیڕۆچوونی پارەش نامێنێت، کە هاووڵاتی هەژماری بانکیی نەبێت ناتوانێت خزمەتگوزاری لە بانکەکان وەربگرێت، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان زیاتر بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بکەن.”

تەها گوتیشی: ”ئەوە یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە پرۆسەکە دەستی پێ کردووە و هیوادارین خێراتر ئەو هەنگاوە بکەوێتە بەردەستی هاووڵاتیان و مووچەخۆران، بۆ ئەوەی ئەو سستی و خاوی و ڕۆتین نەمێنێت، چونکە بەو شێوەیە دەتوانین جووڵەی ئابووری خێرا بکەین و بناغەی پەرەپێدانی ئابووری دانێین.’

Back to top button