پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستی پێکرد

دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچە دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان کرا و قایمقامی چۆمان دەڵێ: بەپێی پلانی حکوومەت سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان نەوت دابەش دەکرێت.

قایمقامی چۆمان گوتیشی: دابەشکردنی نەوت بۆ ھەموو کوردستانە، بەڵام لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سوتەمەنیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرەتا لە سنووری قەزای چۆمان دابەش دەکرێت، لەبەر ئەوەی  شوێنەکەی ساردترە و زیاتر پێویستییان بە نەوت ھەیە.

لای خۆشیەوە شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی: پرۆسەی دابەش کردنی نەوتی سپی لە سنووری ئاکرێ بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ لە ناحیەی دینارتە نەوت دابەش دەکرێت و لە رۆژانی داھاتووش ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە، بەڵام سەرەتا ناوچە ساردەکان سوودمەند دەبن.

سوارە ئەکرەم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ناوچەی چۆمان لە وەرزی زستاندا ناوچەیەکی سەختە، ئەگەر خێزانێک لە سنووری قەزای چۆمان لە پێنج ئەندام پێک ھاتبێت ئەوە بەلایەنی کەم لە وەرزی زستاندا پێویستی بە چوار بەرمیل نەوت ھەیە ئێمەیش وەک ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکە داوای دابینکردنی نەوتی زیاترمان کردووە تەننەت داوامان کردووە مانگانە نەوت دابەش دەکرێت، بەڵام دەمێنێتەوە سەر توانای حکوومەت، ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیشە نەوت بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات.

Back to top button