پزیشکێک: زۆر خواردنەوەی ئاو دوای رۆژوو شکاندن مەترسیدارە

رۆژووان بەهۆی ئەوەی جەستەیان وشکبووەتەوە و دووچاری تونێتیەکی زۆر بوونەتەوە لە کاتی بەرۆژووبووندا، بەبێ ئەوەی ئاگادار بن دوای رۆژوو شکاندن بڕێکی زۆر ئاو دەخۆنەوە، بەگوێرەی پسپۆڕێکیش ئەم خووە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

پزیشکی ئەمریکی “مشریب جیلانی” لەبارەی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو دوای رۆژوشکاندن وتوویەتی “خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو لە چوار کاتژمێری رۆژێکی تەواودا سوودێکی زۆری بۆ جەستە هەیە، بەڵام ئەگەر بە جارێک یان لە چەند خولەکێکی کەمدا بڕێکی زۆر ئاو بخورێتەوە، ئەوا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی سۆدیۆم لە خوێندا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ گەورەبوونی خانەکان، گەورەبوونی خانەکانیش زیان بە مێشک دەگەیەنێت”، هەروەک لە ماڵپەڕی عەرەبیەدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەکردووە، جگە لەو زیانەی سەرەوە زۆر خواردنەوەی ئاو دوای رۆژووشکاندن دەبێتە هۆی سەرئێشە و هێڵنجدان و گرژبوونی ریخۆڵە و گەدە و ئازاری ماسولەکەکان.

پزیشەکەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەستە بۆ ئەوەی دووربێت لە وشکبوونەوە پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاوە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی تیابکرێت و هەموو ئەو بڕەی کە بۆ رۆژێک پێویستە بە جارێک و لەماوەیەکی کەمدا بخورێتەوە.

Back to top button