پسپۆڕێکی دارایی: بە بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە ھەنگاوێکی دیکە دەچینە پێشەوە

پسپۆڕێکی دارایی پێی وایە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی مووچە ھەنگاوێکی باشە و ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەی بەئەلیکترۆنیکردنی دەزگاکان و دەشڵێت: ”بەو سیستەمە کۆتایی بە سیستەمی کلاسیک بۆ دابەشکردنی مووچە دێت.”

د. کاوە عەبدولعەزیز، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی داراییی گشتی، ڕایگەیاند : “بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کردنەوەی ھەژماری من و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران ھەنگاوێکی گرینگە، لەبەر ئەوەی چەندین سوودی بۆ فەرمانبەران ھەیە، لەوانەش مانگانە مووچەکەی دەچێتە سەر ھەژماری بانکیی فەرمانبەرەکە و دەتوانێت لە ھەر کاتێکدا بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و چەندی پێویستە دەتوانێت پارە لە ھەژمارەکەی دەربکات، زۆر جار فەرمانبەران بۆ پاشەکەوتکردنی بەشێکی داھاتەکەیان لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکە مانگانە پارە کۆ دەکەنەوە، بەڵام بەو سیستەمە نوێیە پارەی فەرمانبەر ھەمووی بۆ کۆ دەکرێتەوە و کەی پێویستی بەپارە ھەبێت، ئەوکات دەتوانێت بەکاری بێنێت.”

ئەو پسپۆڕەی دارایی گوتیشی: “ڕەنگە زۆر جار ھەڵگرتنی پارە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ھەندێک زەحمەت بێت، چونکە لەوانەیە ئامێری تایبەت بە ھەڵگرتنی پارەیان لە ماڵەوە نەبێت، بەڵام سیستەمی ئەلیکترۆنی پارەی فەرمانبەر دەپارێزێت لەدزی و ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و لەناوچوون.”

کاوە عەبدولعەزیز ڕوونی کردەوە: “بەئەلیکترۆنی مووچە بۆ حکوومەتیش سوودی زۆرە، لەوانە ھەنگاوێک دەچێتە پێشەوە لە سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی حکوومەت و دانابڕێت لە سیستەمی پێشکەوتووی جیھان، ئەو سیستەمە کلاسیکەی دابەشکردنی مووچەش نامێنێت کە لە پێش پەنجەرەوە فەرمانبەر مووچە وەربگرێت و قەڵەباڵغی و ھاتوچۆ و سەرقاڵیی فەرمانبەرانی دارایی و بانک کۆتاییی دێت، بە کورتی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی ھەژماری من ئاسانکاریی زۆر دەکات لە دابەشکردنی مووچە و کۆتایی بە ڕۆتینی دابەشکردنی مووچە دێت.”

Back to top button