پلان (B)ی ماڵی مام جەلال دژی لاهوور تلیاكچی و براكانی دەستی پێكرد

ئەو هەنگاوانەی كە لە رۆژی ٨ی تەمووزی ئەمساڵەوە لە لایەن بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە دژی لاهوور تلیاكچی و براكانی و تاقمەكەیان دەستی پێكردووە، گەیشتی كۆتایی پلانی (A) كە خۆی لە هەوڵدان بۆ وەدەرنانی لاهوور و براكانی لە هەرێمی كوردستان و دەست بەسەرداگرتنی كۆمپانیا و ئەو موڵكانەیاندا دەبینییەوە كە بە دزی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن كۆیان كردبۆوە، هەروەها سەرجەم دامودەزگاكانی ژێر دەسەڵاتیشیان دەرهێنان، ئەم پلانە بە تەواوەتی و سەركەوتووی جێبەجێ كرا، بەڵام تەنیا یەك خاڵیان هێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجام كە ئەویش ڕۆیشتنی لاهوور و تەواوی براكانیەتی بۆ دەرەوەی عێراق. 

بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستا تەنیا ئاراس جەنگی هەرێمی كوردستانی بەرەو بەغدا جێهێشتووە و پاش ئەوەی شوێنەكەی زانراوە، لەوێش هەڵاتووە و چۆتە ئێران.

بە گوێرەی زانیاریی پشتڕاستكراوە، پلانی (B)ی ماڵی مام جەلال لە دوێنێ هەینی ٢٠ی ٨ی ٢٠٢١ەوە دەستی پێكردووە و لە ڕێگەی پەیوەندییەكانیانەوە، چەندان بەڵگەی ڕوون و وردیان لەسەر تێوەگلانی لاهوور جەنگی و تاقمەكەی لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر ئەمریكییەكان خستووەتە ڕوو. 

ئەو نامانە لە ڕێگەی كەسێك بە ناوی (تەیمووری ئەنفال)ەوە نێردراون كە ڕەگەزنامەی ئەمریكای هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٣ و پاش وەدەرنانی بەعس، ماوەیەكی زۆر لەگەڵ دامەزراوە ئەمریكییەكان كاری كردووە و لە پەیوەندیدا بووە.

تەیموور پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بافڵ و قوباد تاڵەبانی هەیە و پێشتر لە نێو ماڵی ئەواندا ژیاوە. خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)یش ئاشكرای كردووە كە دوێنێ هەینی، چەندان نامەی بە بەڵگەوە ئاراستەی (هەواڵگریی ئەمریكا، كۆنگرێس و ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە نیویۆرك و یونایتیدنەیشن) كردووە و دەڵێت: ”تێیدا باسم لەوە كردووە كە ئەو تاقمە چۆن دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە كار دەكەن، باسی كێشەی كەركووك و حەشدی شەعبی و لێدانی باڵیۆزخانەكان و دامەزراوەكانی سەر بە ئەمریكام لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە، جگە لە هەڕەشەكردن و سەرانەوەرگرتن و ڕفاندن و تیرۆركردنی خەڵك، ئازادكردنی چەكدارانی داعش و بەكارهێنانیان لە دژی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا، نزیكبوونەوەیان لە ئێران و داڵدەدانی جاش و مستەشارەكانی سەردەمی بەعس كە بەپێی یاسای عێراقی داواكراون، هەروەها چۆن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئاژاوەگێڕی و بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دێنن“. 

تەیموور ئاشكرای كردووە كە داوای لە دامەزراوە ئەمریكی و نێودەوڵەتییەكان كردووە، هەڵوێستی جددیی خۆیان بنوێنن، دەشڵێت: ”پەیوەندیم بە چەند كەناڵێكی جیهانەوە كردووە كە ئامادەم بۆ چاوپێكەوتنێك لەبارەی ئەو بابەتانەی باسم كردوون“. 

ئەمە پلانی (B)ی ماڵی مام جەلالە بەرامبەر بە لاهوور و تلیاكچی و تاقمەكەی كە بەپێی ئەو بەڵگانەی پێشكەشیان كردووە، ئەگەر زۆرە ئەمریكا و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هەڵوێستی توندیان لە دژ بنوێنن.

Back to top button