په‌كه‌كه‌ خزمه‌تكاری وڵاتانی داگیركه‌ره‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا

دان به‌ هیچ هاوبه‌شێكی سیاسیدا نانێت و هه‌میشه‌ هه‌وڵی ملكه‌چكردنیان ده‌دات

((خۆر))-شاڵاو عەلی


هەموو چاودێرێکی سیاسی هەست بەو سیاسەت و هەڵوسوکەوتانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، کە لە رۆژی دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1978 تا ئەمڕۆ، پشتی بە چوار بنەما و کۆڵەکەی سەرەکی بەستووە و تا ئەمڕۆش دەستبەرداریان نەبووە، بەڵکوو ئەو دۆخی هەرێمایەتییەی یارمەتیی داوە و ئەو دۆسێیانەی پێی سپێردراون، رووبەرێکی فراوانتریان بۆ جووڵە و بەردەوامیی لەسەر بنەماکان پێ داوە، کە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بۆ خۆی داناون، ئەو چوار بنەما و کۆڵەکەیەش ئەمانەن:

– تەواوی گۆڕەپانی کوردستان بە گۆڕەپانی خۆی دەزانێ، ئەمەش وای لێ کردووە بە سەربەستی تیایدا بجووڵێ و رێکخستن و ململانێ بکا، هەروەها تێکەڵی ناو ناکۆکییەکانی لایەنە کوردییەکان ببێ، لەم پارچەیە یان لەوی تریان.
– پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتە جیاجیاکان گرێ داوە، بۆ ئەوەی پردێک لەگەڵ هێزە شاراوەکان دروست بکات، کە کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەو لایەنە کوردییانە دوور بخاتەوە، کە رۆڵ و کاریگەرییان هەیە. کار گەیشتووەتە ئەوەی، لەگەڵ پڕۆژەی دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکان تێکەڵ ببێ، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەزگاکانی سووری و ئێرانی بە جێگیری ماونەتەوە، کە چەندین دەیەیە لەسەری بەردەوامە.
– دان نانێ بە هاوبەش و هاوکار لە چوارچێوەی هاوپەیمانی یان رێککەوتنەکاندا، کە هەر زوو لێیان پەشیمان دەبێتەوە، یان بەگوێرەی ویستی تایبەتی خۆی تەفسیری بۆ دەکا، کە جگە لە پاشکۆ و مورید پێیان رازی نابێ. ئەو حزبە لەناو ریزەکانیدا بە رای جیاواز رازی نابێ، هەر جۆرە رایەکی جیاواز لەناویدا هەبێ بە شێوەی جیاجیا بزری دەکا، بە شێوەیەکی وا چیرۆک هەڵدەبەستێ، کە مورید و پاشکۆکانی باوەڕی پێ بکەن، لە هەمان کاتدا هەڕەشە لەوانە دەکات، کە لێی هەڵدەگەڕێنەوە، یان خاوەن رەخنەن، هەروەها پەکەکە باوەڕ بە هیچ هاوبەشییەکی راستەقینە لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییە خاوەن پێگەکان ناکات، کە وا بکا لە ئاییندەدا ببن بە رکابەری. بۆ داپۆشینی ئەو ئاراستەیەش، کار ئەکا بۆ نزیککردنەوەی کۆمەڵێک حزبی بچووک دەکا، کە بەدوای ناو و پێگەیەکەوەن، لەگەڵ چەند توێژ و کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە لاوان، بۆ ئەوەی وەک رووێکی بریقەداری ئیرادە لێ زەوتکراو بۆ پرۆژە لێڵ و ناڕۆشنەکەی بەکاریان بێنێ.
– پشت دەبەستێ بە دروشمە دیماگۆجییەکان و شەعبەویی نەتەوەیی، هەروەها (شەعبەویی نیشتمانی) ئەگەر دەستەواژەکە راست بێ. لەگەڵ پراگماتیی جیوەیی، کە لەگەڵ میزاجی داواکار گۆڕانی بەسەردا دێت، بەگوێرەی ئامانجە شاراوەکانی حزب.
هەر چاودێرێک بابەتییانە بەدواداچوون بۆ کاروانی پەکەکە بکات، لەو رۆژەی لە 1979 چووەتە ناو سووریا و ئینجا لە 1980 چووەتە ناو لوبنان، پاشان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و هەروەها کوردستانی ئێران، هەست بەو بنەمایانە دەکات.
سەرباری توانای پەکەکە لە جووڵەی ئاشکرا و سەربەست و رێکخستنی بەکۆمەڵی خەڵک، لە هەمان کاتدا بەئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە کۆمەک دەکرێ، تەنانەت ئەوەی دوایی داوای لەو کوردانەی لای خۆی کردووە، لەو حزبەوە نزیک ببنەوە و بچنە ریزەکانی، چونکە نەخشە بۆ پرۆژەیەکی کوردیی دوورمەودای پاشکۆی خۆی دەکێشێ، کە لەژێر فرمانی ئەودا بێ و وەرەقەیەک بێ لە وەرەقەکان. بەمەش بە بەردێک لە دوو چۆلەکە دەدات. لەلایەکەوە کوردەکانی سووریا لە بازنەی ئۆپۆزسیۆنی و دژە سیاسەتی خۆ دەردەکا و کێشەکەیان لە کێشەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی سووری دەگۆڕێ بۆ کێشەیەک، سەنتەرەکەی لەدەرەوەی سنوورەکەیدا بێ. لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتداران ئەو وەرەقەیەی پەکەکە بۆ مناوەرە لەگەڵ تورکیا بەکار دێنن و هەوڵ دەدەن وەک هێزێکی بەهێزی هەرێمایەتی دەربکەوێ.

Back to top button