پولی پاپا فڕەنسیس داگیركەرانی توڕەو نیگەران كردووە !

هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی لەپەراوێزی سەردانی پاپا بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان نمونەی پێشنیاركراوی چەند پولێكی فەرمی پۆستە و گەیاندنی كوردستان خراوەتەروو، كە لە دیزاینی یەكێكیاندا لەپشتی وێنەی پرۆفایلێكی بەڕێز پاپا فڕەنسیسدا نەخشەیەكی مێژوویی كوردستانی مەزن بەبێ هیچ نووسین و دیاركردنی جوگرافیای شوێنەكان دەركەوتووە، ئەم پولە كە قەبارەكەی لە 2سەنتیمەتر + 3سەنتیمەتر تێپەڕناكات، كەچی دوو وڵاتی زلهێز و داگیركەری كوردستان، دوو وڵات كە ئێستا هەردووكیان وەكو دوو ئیمپراتۆریەتی ئایینی و مەزهەبیی نەتەوەپەرست هەڵسوكەوت دەكەن و خۆیان هەڵدەقورتینن لەكاروباری ناوخۆیی دەیان وڵاتی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی، لەو چەند سەد هەزار فیشەك و گوللە تۆپ و مووشەكانەی كە رۆژانە لەدونیادا دەتەقێنرێن، سێ چارەكی لە تفەنگ و تۆپ و تانك و فرۆكە و درۆنەكانی ئەوانەوە دەردەچێت و دەتەقێنرێن، كەچی ئەو دەوڵەتە فاشیل و ملهورە داگیركەرانە لەپولێكی یەك، دوو سەنتیمەتریدا تۆقیوون و زیڕەیانكردووەو هاواریان وا گەیشتە كەشكەڵانی ئاسمان كە هێشتا پولەكان تەنها نمونە و ماكێتی پێشنیاركراون! بۆ ئێمەی نەتەوەی كورد بەتایبەتی و گەلی كوردستان بەگشتی پێویستە ئەم هەڵسوكەوت و ئەتوارانەی ولاتانی داگیركەری كوردستان، زەنگی وریاكەرەوە و ئاماژەی زیندوو بێت بۆ راستگۆیی و دروستی چەمكی سەربەخۆبوون و رزگاری نیشتمانی كوردستان و رەوایی مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەها پێویستە لەسەر هەموو گەلی كوردستان بە خەڵك و بە لایەنە سیاسی و قەوارە كارگێڕییەكەی لەئێستادا لەهەموو كاتێك زیاتر یەكگرتوو و یەكبڕیار و یەكدید بین بەرامبەر بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ولات، بەو پەڕی سەلاری و دلێری، ژیرانە بڕیاری دروست بدەن.

Back to top button